نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریی دەدەنە پووتین

21-02-2022
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەگەر پووتین دان بە سەربەخۆیی هەرێمی دۆنباس بنێت، ئەوا بیر لەوە دەکەنەوە گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر وڵاتەکە، راوێژکاری ئەڵمانیاش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە سەرۆکی رووسیا دەدات لەوەی کە دان بە سەربەخۆیی ئەو هەرێمە نەنێت.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە کە ئەمشەو 21-02-2022 بڕیاری خۆی لەبارەی پرسی داننان بە سەربەخۆیی دونێتسک و لوهانسک رادەگەیێنێت، کە دوو ناوچەی هەرێمی دۆنباسن لە ئۆکراینا و لە ژێر دەستی جوداخوازەکانی لایەنگری رووسیادان و تاکلایەنانە سەربەخۆیی خۆیان لە ئۆکراینا راگەیاندووە.  
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل رایگەیاند، "داوا لە سەرۆک پووتین دەکەین رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی مینسک بگرێت و چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە لوهانسک و دۆنێتسک بە سەربەخۆ نەناسێنێت".
 
هەروەها بۆرێل راشیگەیاند، ئامادەن بەهێز و بەیەکگرتوویی وەڵامی بدەنەوە، هەروەها پرسی گەمارۆ خستنە سەر رووسیا لە ئەنجوومەنەکە باس دەکەن و وەزیرەکان دەنگی لەسەر دەدەن.
 
لەو بارەشەوە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە پووتین لەوەی کە دان بە سەربەخۆیی لوهانسک و دونێتسک دانەنێت و دەڵێت، ئەو هەنگاوە پێشێلکاریی رێککەوتنی مینسکە.
 
هەروەها ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێگری لە رووسیا بکەن لەو "بڕیارە تاکلایەنانەی" کە دەبێتە هۆی پێشێلکاریی سەروەریی ئۆکراینا و دەڵێت، "هەموو کێشەکان دەبێت بە دیپلۆماتی چارەسەربکرێن".
 
رێککەوتنی مینسک چییە؟
 
رێککەوتنی مینسک لە ساڵی 2015 بە نێوەندگیریی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا واژۆکراوە. 
رێککەوتنەکە بە ناوی پایتەختی بێلاڕووسەوە کراوە، چونکە لەو شوێنە لایەنەکان لەسەری رێککەوتن، بە رێککەوتنی دووەمی مینسکیش ناودەبرێت. 
 
رێککەوتنەکە هەرگیز بە تەواوەتی نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە. پێش ئەوە، رێککەوتنی یەکەمی مینسک واژۆکرابوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. 
 
ئامانج لە رێککەوتنی دووەمیش هەر ئەوە بوو کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، کە دوای جیاکردنەوەی نیمچە دوورگەی کریمیا و لکاندنی بە رووسیاوە، لە نێوان حکومەتی ئۆکراینا و جوداخوازەکانەوە لە هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی وڵات دروستبوو.
 
بەڵام دوای تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵانە، هیچ چارەسەرێکی سیاسیی بۆ کێشەکە نەدۆزراوەتەوە و تاوەکو ئێستاش شەڕێکی خوێناوی لە نێوان ئۆکراینا و جووداخوازەکان بەردەوامە. 
 
رێککەوتنی یەکەمی مینسک چی بوو؟
 
ئۆکراینا و جوداخوازەکانی لایەنگری مۆسکۆ لە ئەیلوولی 2014 لەسەر رێککەوتنێکی 12 خاڵی بۆ راگرتنی شەڕ، رێککەوتن. 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویست بوو دیلەکان ئاڵؤگۆڕبکرێن، یارمەتیی مرۆیی بگاتە ناوچەکانی شەڕ و چەکەکانیش بکشێنرێنەوە. بەڵام بەهۆی پێشێلکاریی هەردوولا، رێککەوتنەکە هەرەسی هێنا. 
 
رێککەوتنی دووەمی مینسک چییە؟
 
نوێنەرانی رووسیا، ئۆکراینا و رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگیی ئەوروپا (OSCE) سەرکردەکانی جووداخوازەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە شوباتی 2015 رێککەوتنێکی دیکەی 13 خاڵییان واژۆ کرد.
 
سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئۆکراینا لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەکە کۆبوونەوە و پاڵپشتیی خۆشیان بۆی دەربڕی. 
 
13 خاڵەکەی رێککەوتننامەکە بریتیبوون لە:
 
- ئاگربەستی دەستبەجێ و گشتگیر رابگەیێندرێت. 
- هەردوولا چەکی قورس بکشێننەوە. 
- (OSCE) چاودێریی ئاگربەستەکە دەکات.
- گفتوگۆ بکرێت لەسەر حکومەتی خۆبەڕێوەبەریی کاتی بۆ دۆنێتسک و لوهانسک، بە جۆرێک کە بەگوێرەی یاسای ئۆکراینا بێت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دان بە پێگەی تایبەتی ئەو دوو ناوچەیەدا بنێت. 
- لێخۆشبوونی گشتی بۆ ئەوانەی لە شەڕەکەدا بەشداربوون. 
- ئاڵۆگۆڕکردنی دیل و زیندانییەکان. 
- گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی. 
- بەردەوامیدان بە پەیوەندیی ئابووری، لە نێویشیاندا پێدانی مووچە. 
- کۆنتڕۆڵی سنووری دەرەکیی وڵات دەکەوێتەوە دەستی حکومەتی فیدڕاڵیی ئۆکراینا. 
- کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان و  بەکرێگیراوەکان بە چەکەکانییەوە لە خاکی ئۆکراینا. 
- هەموارکردنەوەی دەستووری ئۆکراینا، لە نێویشیاندا رێگەدان بە هەبوونی لامەرکەزیەت بە تایبەتیش بۆ لوهانسک و دۆنێتسک. 
- ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە لوهانسک و دۆنێتسک
- بەهێزکردنی کاری گرووپی پەیوەندیی سێ لایەنانە کە رووسیا و ئۆکراینا و (OSCE) تێیدا بەشدارن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە