رووداو دیجیتاڵ
پارتەکانی ئەڵمانیا دوایین بانگەشەکانی خۆیان دەکەن پێش ئەوەی رۆژی 23ـی مانگ بچنە نێو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام کۆچبەران و پەناخوازان نیگەرانن لە داهاتوویان بەتایبەت لە دروشمی پارتە راستڕۆکان و نزیکبوونەوەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AfD و پارتی کریستیان دیموکرات CDU.
هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا بە گێژەلۆکێکی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت. پرسی کۆچبەر و پەناخوازانیش دەکوڵێت. پرسی کۆچبەران شتێکە کە بە نزیکەیی هەموو پارتەکانی ئەڵمانیا، لە راستەوە بۆ چەپی یەکخستووە.
ئەمیر شینی، پەنابەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کۆتایی مانگی رابردوو داوای مافی پەناخوازی رەتکرایەوە، ئەو بە رووداوی راگەیاند: "پێیانگوتم هیچ مەترسییەکت لەسەر نییە تاوەکو داوای مافی مانەوە بکەی."
شینی دەڵێ: "بەڵگەم هەیە کە من لە ئێران مەترسی لەسەر ژیانم هەیە بەهۆی کاری سیاسیمەوە، بە رەتکردنەوەی داواکەم تووشی سەرسوڕمان بووم."
ئەو لە فێسبادن دەژی و باوکی دوو منداڵە، هەموویان مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە و دەڵێت: "نازانین چارەنووسمان چی دەبێ لەکاتێکدا لە هەڵبژاردن نزیکین."
ئەمیر گوتی: "28ـی مانگی رابردوو داوای مافی پەناخوازیم رەتکرایەوە، پێیانگوتم مەترسی لەسەر ژیانت نییە، ئەگەر بگەڕێیەوە، لەکاتێکدا من ئەندامی حیزبێکی سیاسیم و خۆم و هاوژین و دوو منداڵەکەم هەرگیز گەڕانەوەمان سەلامەت نییە بۆ ناوچەکەمان."
هەر تەنیا ئەمیر نییە کێشەی هەیە، پەنابەرانی دیکەش لە دڵەراوکێدان، عالیە پەنابەرێکی سووریاییە لە ئەڵمانیا و گوتی: "کاتێک لە هەفتەی رابردوودا هێرشەکەی میونشنم بینی گریام، تێناگەم بۆ دەبێ کەسێک وابکات."
عالیە کە 10 ساڵە لە سووریاوە چووەتە ئەڵمانیا لەگەڵ دوو منداڵی، داوا دەکات مافی مانەوەی درێژ بکرێتەوە و نایەوێ بگەڕێتەوە.
بە پێی ئامارێکی فەرمیی ئەڵمانیا لە 2015وە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان داوای مافی پەناخوازییان کردووە.
داوای تووندترکردنی سنوورەکان
حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا پێش ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن بدرێت بە پاکێجێک بڕیاری تووندکردنی سنوورەکانی دا، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن دەیەوێت زیاتر لەوەش بکرێت، لەو رۆژانەدا خۆپێشاندانەکان زیاتر بوون بەرامبەر دروشم و پلانەکانی AFD بەتایبەت لە بەرنامەکەی دا کە دەڵێ: "پلانی رێکخستنەوەی کۆچبەری جێبەجێ دەکەین."
زۆربەی خەڵك پێیوایە پلانەکە ناردنەوەی بە کۆمەڵە، بەرپرس و ئەندامانی AFD بە ئاشکرا دەڵێن بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون.
ئێستا داهاتووی سیاسەتی ئەڵمانیا بۆ کۆچبەری دەوەستێتە سەر ئەو حکومەتە هاوپەیمانییەی پێکدێت و لەسەر چ رێککەوتن دەکرێ.
مشتومڕی پرسی کۆچبەران لە نێو پارتەکاندا
چەندین مانگە CDU گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی لە ئەڵمانیا دەهۆڵی ئەوە لێدەدات ئابووری پرسی سەرەکییە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بەڵام هەفتەی رابردوو فرێدریک مێرتز، سەرۆکی پارتەکە بە تەواوی دروشمی پارتەکەی سەرەوژێر کردەوە، کۆچبەرانی هێنایە ریزی پێشەوەی ئەو پرسەی جێگەی بایەخە، ئەو پرسەی پارتی جێگرەوە بەهۆیەوە لە ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنی لە هەرێمێک پێ بدرەوە.
مێرتز قسەکانی لەبارەی کۆچبەران کە بریتییە لە تووندکردنی سنوور و رێکارەکانی پێدانی مافی مانەوە بەهۆی رووداوی هێرش لەلایەن کۆچبەرانەوە سەرچاوەی گرت. پارتی کریستیان دیموکرات لەوە زیاتر رۆیشتووە و گۆڕانکاری ریشەیی بووەتە ئامانجی لە هەڵبژاردندا لە پرسی کۆچبەراندا، داوا دەکات سیاسەتێکی هەمیشەیی بۆ سنوورەکان دابنرێت، رەتکردنەوەی هەموو ئەو کۆچبەر و پەناخوازانەی بە نایاسایی هاتوونەتە نێو وڵاتەکە، لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەو پەناخوازانەی داوای پەناخوازییان رەتکراوەتەوە.
کریستیان دیموکرات لە پەرلەمان لەگەڵ دوو پارتی دیکە هەروەها لەگەڵ دەنگی AfD دەیانەوێت پڕۆژەیاساکەیان پەسندبکرێت کە تووندکردنی سنوورەکان دەگرێتەوە، لەماوەی کەمتر لە یەک مانگی داهاتوودا رووندەبێتەوە کە سیاسەتەکەی CDU چ کاریگەری دەبێ لەنێوخۆی ئەڵمانیا و لە ئەورووپاش، بەوپێیەی ئەڵمانیا یەکێکە لەوانەی زۆرترین پەناخوازی وەرگرتوون.
ئالان پۆسنەر، نووسەری کتێبی کۆنسەرڤاتیڤی ئەورووپا دەڵێت: "مێرتز رۆناڵد ریگنەکی رەقە، رێکارەکانی بنەمای کارکردنی نەگۆڕە، مێرتز دەیەوێت باجی سەر کۆمپانیاکان کەمبکاتەوە، خەرجیی وزە کەمبکاتەوە، خەڵک لە شوێنەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بگوازێتەوە بۆ ناوەندەکانی کار، بەڵام لە رووی سیاسییەوە کورتبینە، ئەوەش جێگەی نیگەرانییە."
پارتی SDP و سەوزەکان کە دوو پارتی نێو حکومەتن دژی ئەو پڕۆژەیاسایەی CDUـن کە پێشنیاز دەکات سنوور بۆ ژمارەی کۆچبەران دابنرێت، هەندێک ماف ماڵباتەکان نەگرێتەوە، ئەو پارتانەی هاوسۆزن لەگەڵ کۆچبەران دەڵێن ئەوە دیوارێک دروست دەکات و نابێ لە ناکاو هەموو هەنگاوەکان جێبەجێ بکرێن.
ئۆڵاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر ئەو هەوڵانە هۆشداری دا و دەڵێت: "نابێت زۆرینەی پەرلەمان لە CDU و CSU و AFD پێکبێت، ئەگەرنا حکومەتی داهاتوو رەش و شین دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ