رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مەیامیی ویلایەتی فلۆریدا دۆناڵد ترەمپ رەخنەیەکی تووندی لە سەرکردەکانی پێشووی وڵاتەکەی و خەرجییە سەربازییە زۆرەکانیان گرت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "بەهێزترین سوپامان لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە، بەڵام سەرکردایەتییەکی زۆر باشمان نییە. ئێمە شەڕ بۆ بردنەوە دەکەین، نەوەک بۆ بەردەوامیی پێدانی. پرسیارم لە ژەنەراڵ دان کەین کرد لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی داعش، پێیگوتم چوار ساڵمان دەوێت بەڵام دواتر بە سێ هەفتە کردمان. جارێکیان بەشەو چوومە عێراق و لەکاتی نیشتنەوەدا، پێیانگوتم پێویستە لایتەکان بکوژێنینەوە، منیش گوتم، نۆ تریلیۆن دۆلارمان خەرجکردووە و دەبێت لایتەکانیش بکوژێنینەوە؟"
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پار خەرجیی سەربازییان 850 ملیار دۆلار بووە. ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسەکانی دیکە دەیانەوێت کەمیبکەنەوە.
بۆ ئەو مەبەستە وەزیری بەرگری داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە تاوەکو 24ی ئەم مانگە پلانێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئامادە بکەن. وەزیرەکە دەیەوێت ساڵانە 8٪ی ئەو خەرجییە کەمبکاتەوە.
بۆ ئەوەش ئەمریکا دەیەوێت سوپا لە بەشێکی ناوچەکانی جیهان، بەتایبەت ئەورووپا بکێشێتەوە.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی 14ـی شوبات رایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان زۆر قورسە. ئێستا کاتی ئەوەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە بەرگرییدا بکەن چونکە ناکرێت پێشبینی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەمیشە لەو ناوچەیەدا بکەن."
بەرپرسانی دیکەی ئەمریکاش هۆشدارییان لە پێویستی کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان داوە.
ئیلۆن مەسک، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی ئەمریکا رۆژی 12ـی شوبات گوتی: "پێویستە کورتهێنان چارەسەر بکەین. دوو تریلیۆن دۆلار کورتهێنانمان هەیە. ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکەین، ئەوا وڵاتەکەمان مایەپووچ دەبێت. پارەیەکی زۆر لە بەرگریدا خەرج دەکەین. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە مایەپووچ دەبین".
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، سوپای وڵاتەکەیان 800 بنکەی سەربازی لە 70 وڵات و ناوچەی جیهان هەیە. نزیکەی 173 هەزار سەرباز لەو بنکانەدان. خەرجی ئەو بنکە سەربازیانەش ساڵانە بە نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ