رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ پێی وانییە بەشداریکردنی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی رووسیا و ئۆکراینادا "زۆر گرنگ" بێت.
رۆژی هەینی 21-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێم وا نییە زۆر گرنگ بێت ئەو [ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا] لە کۆبوونەوەکاندا بێت".
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئەو [زیلینسکی] سێ ساڵ لەگەڵ سەرۆکێک کە نەیدەزانی چی دەکات لە گفتوگۆدا بوو و هیچی بەدەست نەهێنا". مەبەستی ترەمپ لەو سەرۆکە، جۆ بایدنە.
ترەمپ لە باسی ئەورووپادا گوتی، وڵاتە ئەورووپییەکان "نەیانتوانی" هانی دانوستاندن لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ بدەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، کاتێک رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، سەرۆکی ئۆکراینا و ئەمریکا "قسەی هەڵەیان کردووە و ئاگری شەڕەکەیان خۆشکردووە. دەکرا پووتین رازی بکرابووایە بەوەی بڕیاری خۆی بگۆڕێت. ئۆکراینا لەلایەن کەسێکەوە هێرشی کرایەسەر کە زۆر گەورەتر و بەهێزترە".
ترەمپ جەختی لەوەشکردەوە: "بەرپرسانی ئۆکراینا لە دانوستاندنەکاندا هیچ کارتێکیان نییە."
شەڕە قسە و گرژییەکان
دەرگەکردنەوە بەڕووی دانوستاندنی رووسیا و ئۆکراینا لە 12-02-2025 دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین ئەنجام دا."
ترەمپ گوتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بووەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین؛ هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین."
دوای قسەکردن لەگەڵ پووتین، ترەمپ راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کرد. سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە تەلەفۆن گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. بە درێژی باسی دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی ئاشتیمان کرد."
زیلینسکی ئەو کات رایگەیاند، پێی ناخۆش بووە ترەمپ سەرەتا قسەی لەگەڵ پووتین کردووە و ئۆکراینای نەخستووەتە پێشەوەی لیستەکەی.
17ـی مانگ، ئەمریکا رایگەیاند لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا کۆدەبنەوە. ئۆکراینا راوێژی پێنەکرا و بانگهێشتیش نەکرا. زیلینسکی گوتی، بانگێشت نەکراون و بەشداریش ناکەن.
کۆبوونەوەکەی سعودیە بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و دانانی بناخەی دانوستاندنی جەنگی ئۆکراینا بوو.
وردە وردە گرژی و شەڕەقسەی نێوان ترەمپ و زیلینسکی دەستیپێکرد.
رۆژی 17ـی مانگ زیلینسکی گوتی: "ئێستا ئەمریکا خەریکە شتانێک دەڵێت کە بەدڵی پووتینە".
رۆژێک دواتر، دۆناڵد ترەمپ لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "زۆر نائومێد بووم؛ گوێم لێبووە کە ئەوان [ئۆکراینا] نیگەرانن لەوەی نوێنەرێکیان لە کۆبوونەوەکە بەشداری نەکردووە. ئەمڕۆ گوێبیستی 'ئێمە بانگهێشت نەکراین' بووم. باشە، ئێوە سێ ساڵە لەوێن. نەدەبوایە هەرگیز دەستتان پێکردبایە [بە شەڕەکە]، دەتانتوانی رێکبکەون."
رۆژی 19ـی مانگ، ترەمپ زیلینسکیی بە "دیکتاتۆر" ناوبرد و گوتیشی: " زیلینسکی ئەمریکای رازی کردووە بۆ ئەوەی 350 ملیار دۆلاری بۆ خەرج بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ