وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: بەشداری هێرشمان بۆ سەر ئێران نەکردووە و نایکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران نەکردووە و نایشیانەوێت پەلکێشی ناو جەنگێکی فراوانتر ببن؛ جەختیشی کردەوە کە بەریتانیا تەنیا پشتگیری لە هەنگاوە بەرگرییەکان دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
 
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، یڤیت کۆپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "هێرشە سەرکێشەکانی ئێران بۆ سەر هاوبەشەکانیان لە کەنداو، کەشتیوانی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا جێگەی نیگەرانییە" ؛گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی کردەوە بەرگرییەکان دژی هەڕەشە مووشەکییەکان، بەڵام دەمانەوێت بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ ئەم ململانێیە بدۆزرێتەوە تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و ئابووری وڵاتەکەمان بگەڕێتەوە."
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران هێرشیکردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخستوووە. ئەمڕۆش، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئێران هێرشیکردووەتە سەر دوورگەی دیێگۆ گارسیا، کە دوورگەیەکە لە زەریای هێمن و نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە کە هەمان دووری لەندەنە لە ئێرانەوە. 
 
سەبارەت بە جیاوازی هەڵوێستیان لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ لە بارەی جەنگەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا روونی کردەوە: "رێبازی ئێمە لە سەرەتاوە وەک خۆی ماوەتەوە؛ ئێمە بەشێک نەبووین و نابین لە کردەوە هێرشبەرییەکان و لەم بارەیەوە روانینێکی جیاوازمان لە ئەمریکا و ئیسرائیل هەبووە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی کەنداو کە ئێستا لە لایەن تارانەوە دەکرێنە ئامانج، لە هێرشە سەرەتاییەکاندا هیچ دەورێکیان نەبووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رەخنەی لە هەوڵەکانی ئێران گرت بۆ تێکدانی ئابووری جیهانی و گوتی، ئەمە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە سەرتاسەری جیهاندا؛ باسی لەوەش کرد کە حکومەتەکەیان لە رێگەی دیاریکردنی بنمیچی نرخەکانی وزە و هاوکارییەکانی دیکە هەوڵی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی خێزانەکان دەدات، بەڵام جەختی کردەوە کە باشترین رێگە بۆ دابەزاندنی تێچووی ژیان لە درێژخایەندا، کۆتاییهێنانێکی خێرایە بەم ململانێیە.
 
بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەکەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە. ئەو کات نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلار بوو بەڵام ئێستا بە سەروو 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووریی نێوان ئێران و دوورگەی دیێگۆ گارسیا لەسەر نەخشە.

راپۆرتێک: ئێران بە دوو مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەی دیێگۆ گارسیا

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئێران دوو مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەندی ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای ئەمریکا و بەریتانیا لە زەریای هیندی کردووە. ئەمەش دەریدەخات کە مەودای مووشەکەکانی تاران دەگاتە چوار هەزار کیلۆمەتر، کە زۆر زیاترە لەو مەودایەی پێشتر رایگەیاندبوو.