رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە بەرێوەچوو.
گۆڕەپانی راین کە چەندین رۆژ ئامادەکاریی بۆ کرا، لەم نەورۆزەدا بووە شوێنی کۆکردنەوەی کوردی باشوور، باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان.
عاکف حەسەن، کە سەرپەرشتیاری ئاهەنگی نەورۆزە لە بۆن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 150 هەزار کەس ئامادە بوون.
کەشوهەوای شاری بۆن لە نەورۆزی ئەم ساڵدا لە پلەیەکی ئاساییدا بوو و ئاسمانەکەشی ساماڵ بوو.
پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی نەورۆز
پەیامی سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگی نەورۆز لە بۆن-ی ئەڵمانیا پێشکێشکرا؛ سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "نەورۆز بۆ کوردستانیان نیشانەی ژیانەوە و ئازادییە، نیشانەی هەڵاتنی رۆژێکی نوێیە."
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڤیدیۆی بوو؛ لە بەشێکی رایگەیاند: "نەورۆز پەیامە بۆ هەموو گەلی جیهان کە کورد خاوەن ئیرادەیە. کورد لە هەرجێیەک بێت، یەک پەیامی سەرەکی هەموومان کۆدەکاتەوە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و ویستی ئازادییە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی گوتی، "داوا دەکەم لە هەرجێیەکن یەکڕیزیی لەنێوان یەکدی بپارێزن و با ببینە پشتیوانی یەکدی."
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێ: "داواتان لێدەکەم لە هەموو کاتێکدا یەک دەنگی و یەک ریزی خۆتان بپارێزن ، چونکە لە سەردەمێکدا دەژین هەموو جیهان چاوی لەسەر کوردە".
ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەگەر کورد یەک بێت ئەوا جیهانیش پشتیوانی کورد دەکات.
لەبارەی کوردانی تاراوگەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: "منداڵەکانتان لە زمان و کولتووری کوردی دانەبڕن، هەر کوردێک لە دەرەوەی کوردستان دەژی، با وەکو باڵیۆزی کورد بژی نموونەی شارستانیەت و بەهای بڵندی خۆی بێت و رێز لە یاساکانی ئەو وڵاتانە بگرن کە ماوەیەکی زۆرە وەکو بەناگەیەک تێدا دەژین".
دوای پێشکێشکرانی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کە ئامادەبووانی ئاهەنگی نەورۆزی بۆن لە ئەڵمانیا لە شاشەوە بینییان، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بووە میوانی رووداو و باسی ئەو پەیامەی کرد.
ئاژانسە جیهانییەکان پەیامەکەی سەرۆک بارزانییان لە رووداو وەرگرت
ژمارەیەک لە ئاژانسە جیهانییەکانی هەواڵ پەیامەکەی سەرۆک بارزانییان لەڕێ رووداوەوە وەرگرت و بڵاویان کردەوە.
شیفا بارزانی باسی گرنگیی رۆڵی رووداوی کرد و گوتی:"رووداو رۆڵی گرنگی لە گەیاندنی پەیامی کوردانی تاراوگە بۆ هەموو جیهان هەیە، هەروەها لە ناوخۆش بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەمان شێوە. من لێرەوە سوپاسی ئێوە دەکەم بەم شێوە پرۆفشناڵییەوە کاردەکەن".
تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێی ستۆدیۆیێکی تایبەتەوە رووماڵی ئاهەنگەکەی شاری بۆنی کرد و بەشداربووانی دەدواند.
بەشێک لە بەشداربووان بوونە میوانی رووداو و هەستی خۆیان بۆ نەورۆزی ئەمساڵ و هەڵوێست و داهاتووی کورد باسکرد.
کچەگەنجێکی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کە لە وڵاتی هۆڵەندا گەورەبووە، گوتی، "من لە شاری ماسک لە هۆڵەندا لەدایکبووم و لەوێش گەورە بووم. ئەوێ خۆشە، بەڵام کوردستان خۆشترە. من خوێندکاری زانکۆم و لە بەشی پەیوەندییەکان دەخوینم. دەمەوێ دوای تەواوکردنی خوێندنەکەم، دەستکەوتێکی باش بۆ کورد و کوردستانەکەم بەدەستبهێنم. دەمەوێ دەنگی کورد بگەیەنم و بڵێم کوردیش دەنگی هەیە".
"بە گەنجانی کوردی ئەورووپا دەڵێم، زیرەک بن"
هەروەها محەممەد ئیبۆ کە سیاسەتڤانێکی کوردە لە ئەڵمانیا و بە چالاکییەکانی دەناسرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئاپۆڕا جەماوەری و بەشدارییە گەورەیەی کورد دڵخۆشی کردووە و گوتی، "کاتێک بەڕێکەوتین بۆ ئێرە، خەڵکمان دەدی لە رێگەکان بە ئۆتۆمبیل بۆ ئاهەنگی نەورۆز دەهاتن. ئەوان ئاڵای کوردستانیان لە ئۆتۆمبیلەکانیانەوە هێنابووە دەر و دەیانشەکاندەوە. ئەمە هەستێکی زۆر زۆر خۆش بوو."
لەکاتێکدا رێژەیەکی یەکجار بەرزی بەشداربووان چینی گەنج بوون، محەممەد ئیبۆ گوتی، "هەر گەنجێکی کورد کاتێک دێتە ئەورووپا، دێتە ئەڵمانیا، یەکەم شت پێی دەڵێم زیرەک بن. نەوەک هەر لە بواری سیاسەت، بەڵکو لە تەواوی بوارەکان و بەتایبەتیش لە خوێندندا زیرەک بن. چونکە تەنیا دەستکەوتەکان دەمێننەوە و شوێنی خۆیان دەگرن.
گەنجێکی دیکە بەناوی مەریەم کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە رایگەیاند، لە بەشی سیاسەتی نێودەوڵەتی ماستەر دەخوێنێت و لە پلانیدایە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی دەست بە سیاسەت بکات و لە تاراوگە نوێنەرایەتیی کورد بکات. بەجۆرێک هەوڵدەدات لە پارتێکی کوردی یانیش ئەڵمانی ببێتە پەرلەمانتار و لەوێدا داکۆکی لە مافی کورد بکات.
"کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە برایەتی هەیە"
سیڤین و مەسعود دوو هاوژینی خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بوون و بوونە میوانی رووداو و خۆشخاڵیی خۆیان نیشاندا بەوەی لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا بەشداری ئاهەنگی نەورۆز دەکەن.
ئەو دوو هاوژینە ماوەی 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین. مەسعود گوتی، زۆر بیری کۆبانێیان کردووە و پلانیان وایە ساڵی داهاتوو بگەرێنەوە و لە زێدی خۆیاندا بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا بکەن. هاوکات دووپاتیانکردەوە کە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە برایەتی هەیە.
دوو سۆلاڤ بوونە میوانی رووداو
لە بەشداربووانی ئاهەنگی نەورۆزی بۆن، دوو ژن کە هەردووکیان ناویان (سۆلاڤ) بوو و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون، یەکێکیان خەڵکی قامشلۆ و ئەوەی دیکەش خەڵکی کۆبانێ بوو. هەردوو سۆلاڤ ماوەی نزیکەی 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین و خوێندکارن. ئەوان بوونە میوانی رووداو. ئەو سۆلاڤەی خەڵکی کۆبانێیە گوتی:"من ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیم."
"بە 10 ساڵ بووەتە بازرگان و 100 کەس لەلای کاردەکەن"
خانمێکی دیکەی عەفرینی بەناوی نەدا داود کە ماوەی نزیکەی 10 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرساوەتەوە، سەرەتا بە خوێندن و کار دەستیپێکردووە و ئێستا بازرگانە و خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتن، نووسینگەی راوێژکاریی دارایی کۆمپانیاکان، نووسینگەی کارگۆی هەن و هاوکات خواردنگە و کافتێریای هەیە.
لەبارەی ئەوەی کە چۆن ئەو هەموو کارە بەیەکەوە دەکات، گوتی، "من حەز لە کاری زۆر دەکەم و کارەکانم بە باشی فراوان دەکەم. هیچ کاتیش ناترسم، چونکە ئەوانەی سەرکەوتوو دەبن، وەکو منن و زیاتر نین. من بەتەنیا ئەو کارانە دەکەم و خانەوادەکەم پاڵپشتیم دەکەن."
ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا بە بەشداریی ئەیوب عەلی، نازدار جزیرێ و چەندین هونەرمەندی دیکەی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ