یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ئاسایشی تەنگەی هورمز دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
وەزیرەکان داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەن
وەزیرەکان داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی ئاگربەست، دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز و دەرئەنجامەکانی جەنگ دەکەن. وەزیرەکان داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی دەکەن.
 
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە روخسارێکی گەشەوە، گفتوگۆ لەسەر بابەتە هەستیار و خوێناوییەکان دەکەن. رووداو لە وەزیری دەرەوەی دانیمارکی پرسی؛ ئایا پێویستە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لەبارەی ئازادیی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و هەناردەکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هاوڕا بن؟
 
لارس لووکە راسمووسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک رایگەیاند: "مافی هاتووچۆی ئازاد لە رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە و هەموو ئابووریی جیهان پشتی پێ دەبەستێت. دانیمارک وڵاتێکی بچووکە، بەڵام خاوەن کەشتیوانییەکی گەورەیە؛ بۆیە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەین."
 
وەزیری دەرەوەی دانیمارک ئومێدی خواست کە لە ئیسلامئاباد دانوستاندن بکرێت بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە دەبێت مافی هاتووچۆی ئازاد لە تەنگەی هورمزدا پارێزراو بێت.
 
هەمان پرسیار ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا کرا، کە وڵاتەکەی لەسەر پرسی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان دژی ئێران، زۆرترین ناکۆکی لەگەڵ ترەمپ هەبووە.
 
خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لەو بارەیەوە گوتی: "بۆ من بابەتەکە زۆر روونە؛ نابێت ئێران بۆمبی ئەتۆمیی هەبێت و پێویستە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکرێت. دەبێت ئێران ئەم هێرشە بێپاساوانەی دژی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوەستێنێت. پێویستە تەنگەی هورمز بە ئازادی و پارێزراوی بکرێتەوە، بێ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ باجێک بەسەر کەسدا بسەپێنرێت."
 
ئەلبارێس ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسپانیا سەرکۆنەی هەر پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ دەکات و هەر بۆیەش دەنگیان بە سزاکانی سەر ئێران داوە.
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، هاوشێوەی هاوپیشەکانی پێیوایە نابێت ئازادیی کەشتیوانی بکرێتە قوربانیی هیچ پلانێک و گوتی: "ئێمە پاڵپشتیی چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دەکەن، بەڵام روونە کە دەبێت جگە لە لایەنە ئەتۆمییەکە، وەڵامی نیگەرانییەکانی دیکەش بدرێتەوە؛ وەک بەرنامە مووشەکییەکان، هەڕەشە سایبەرییەکان و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان و رووسیا."
 
سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، یەکێکە لەو بژاردانەی یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت کاری لەسەر بکات، ئەگەر بێت و کێشەکانی تەنگەی هورمز چارەسەر نەکرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک لە تاران بە لای دیوارێکدا دەڕوات کە وێنەی درۆن و ئاماژەی سەرکەوتنی لەسەر نەخشێنراوە. وێنە: AFP

ئاگربەست چەند کاژێرێکی ماوە؛ هیچ شاندێک نەچووەتە پاکستان

ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دوایین ساتەکانیدایە و گەڕی دووەمی گفتوگۆی هەردوولاش هێشتا ناڕوونە، هەردوو وڵات هۆشدارییان داوە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ.