رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیێنێت، قۆناخی یەکەمی مانۆڕی سەربازی بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی دەستیپێکردووە کە تێیدا "راهێنانی پراکتیکی بۆ ئامادەکردن و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ناستراتیژی" دەکرێت.
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی یان "چەکی ئەتۆمی ناستراتیژی" بریتییە لەو چەکانەی کە بڕێکی کەمتر لە پێکهاتەی یۆرانیۆمیان تێدایە و توانستی وێرانکردنیشیان سنووردارە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی رووسیای فیدراڵ و لەژێر چاودێریی سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رووسیای فیدراڵ، یەکەم قۆناخی مەشقکردنەکە دەستیپێکرد."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، مانۆڕەکە لە "ناوچەی سەربازی باشوور" دەکرێت کە دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکراینا و بەشێک لەو خاکەی ئۆکرایناش دەگرێتەوە کە رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە.
لە مانۆڕەکەدا، بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، "ئامادەیی سەربازان و کارمەندان و کەرەستە سەربازییەکانی چەکە ئەتۆمییە ناستراتیژییەکان تاقیدەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە وەڵامدانەوە و دڵنیابوون لە یەکپارچەیی و سەروەریی رووسیا."
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگی ئۆکراینا، رووسیا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی رووسیا، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە فەرمانیدا بەوەی کە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەکە بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیی مۆسکۆی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "بە دووری نازانن" لە داهاتوودا سەرباز بنێرنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا شەڕ بکەن. کرێملنیش هەر زوو دوای ئەوەی رایگەیاند ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا، "لە بەرژەوەندیی رۆژئاوادا نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ