رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پارێزبەندی یاسایی هۆڵەندا رایدەگەیێنێت، چیدیکە رێگە بە هاووڵاتییانی نادات منداڵانی بیانی بەخێوبکەن.
رۆژی سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، فڕانک ویروایند، وەزیری پارێزبەندی یاسایی هۆڵەندا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دووبارە بڕیاری قەدەخەکردنی بەخێوکردنی منداڵانی بیانی بۆ هاووڵاتییانی هۆڵەندا جێبەجێ دەکرێت.
لەنێوان شوباتی 2021 تاوەکو تشرینی دووەمی 2022 حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاندبوو کە رێگەنادەن منداڵانی بیانی لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بەخێوبکرێن، بەڵام دواتر حکومەت بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
لە 50 ساڵی رابردوودا، خێزانە هۆڵەندییەکان نزیکەی 40 هەزار منداڵی خەڵکی 80 وڵاتی جیهانیان بەخێوکردووە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، رێژەکە بەرەو کەمی چووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هۆڵەندا بڵایکردوونەتەوە، لە ساڵی 2019 خێزانە هۆڵەندییەکان تەنیا 145 منداڵی بیانییان بەخێوکردووە، لە ساڵی 2020ـیش تەنیا 70 منداڵ.
پێداچوونەوە بە یاسای بەخێوکردنی منداڵ لە هۆڵەندا دوای ئەوە هات کە بەشێک لەو نەوجەوانانەی لەلایەن خێزانە هۆڵەندییەکانەوە بەخێوکراون، بۆیان دەرکەوتووە کە بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان ساختە بووە یاخود بەشێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ئەو خێزانانەوە بەخێوکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ