وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: رەنگە ئەم ساڵ چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن

21-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن گوشاری زۆر لە سعودیە دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایەوە.
 
لەبارەی دروستکردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، روبیۆ گوتی "رەنگە هەواڵی خۆشمان هەبێت، بە دڵنیاییەوە پێش کۆتایی ساڵ، ژمارەیەک وڵاتی زیاتر، ئامادەن بچنە ناو ئەو هاوپەیمانییەتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە هەڵوێستی سعودیە دوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە کرد و گوتی: "پێموایە هێشتا ئارەزوویەک هەیە بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە. هەندێک رێگر هەبوون، لەوانە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، بەڵام سعودیيەکان لە دەربڕینی ئارەزوو بەردەوام بوون، هەروەها ئیسرائیلییەکانیش بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، رۆڵی گەورەی لە رێککەوتننامەی ئەبراهامدا هەبوو، کە تێیدا هەریەک لە وڵاتانی؛ ئیمارات، بەحرەین و مەغریب بوونە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد.
 
پێش هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، سعودیە لە گفتوگۆدا بوون سەبارەت بە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، بە پشتیوانیی ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.
 
دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بە دەستکەوتی هەرە گەورە دادەنرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی شانشینی سعودیە لەنێو جیهانی عەرەبیدا و کاریگەرییەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا. 
 
بەڵام سعودیە بە روونی ڕایگەیاندووە ناتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات، تاوەکو کۆتایی ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە نەهێنێت، هەروەها ئیسرائیل رازی بێت بە رێگەی چارەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و ئیسرائیل.
 
بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆکایەتیی تووندترین ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و دژبەرێکی دێرینی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە و لەگەڵ ئەوەشدا بە پەرۆشە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ سعودیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە