رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا کۆبووەوە. تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە کران.
مەسرور بارزانی رۆژی 17-05-2025 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە کۆنگرێسمان دارێل ئیسا، مایک رۆجەرز و سیناتۆر تۆم کەتن، بیل هاگەرتی و تێد بەد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆنگرێسمان دارێل ئیسا جەخت لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان."

کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەلیسا سلۆتکین، سیناتۆری ئەمریکا بوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دیدارەکەدا باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی و پێویستیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.
دیدارێکی دیکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مایک رۆجەرز، کۆنگرێسمانی ئەمریکا بوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کات و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی سووریا و ناوچەکە تاوتوێکران."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دیکەی لەگەڵ تۆم کەتن، سیناتۆری ئەمریکی ئەنجامدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێناتۆر کۆتن پشتیوانیی خۆی بۆ برەودان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. هەروەها دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ