رووداو دیجیتاڵ
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە واشنتن دەکات زیاتر پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا.
پۆمپەیۆ لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەمریکا و تیشک دەخاتە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش.
پۆمپەیۆ نووسیویەتی: "کورد هەرگیز ژیانی ئەمریکییەکانی نەکردووەتە قوربانی، هەرگیز تێوەنەگلاوە لە تیرۆر و بەردەوام بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردووە."
مایک پۆمپەیۆ کورد "لە باشترین هاوبەشە متمانەپێکراوەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناودەبات.
گوتارەکەی پۆمپەیۆ لەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 17ـی ئەم مانگەوە بە سەرۆکایەتی شاندێک لە واشنتنە.
پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەغدا لەسەر داوای ئێران لە رووی ئابوورییەوە گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەو وەزیرەی پێشووتری ئەمریکا هەوەها دەڵێت، "ویستی کورد بۆ هەبوونی دەسەڵاتی زیاتر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یەکدەگرێتەوە." و داواش دەشڵێت، "دەبێت کورد بخەینە نێو ستراتیژییەتی هەرێمایەتیی خۆمانەوە."
پۆمپەیۆ باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نزیکەی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی کۆی یەدەگی عێراق و سەرچاوەیەکی گەورەی گازی سرووشتیشی هەیە.
پۆمپەیۆ پێی وایە گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی وزەی ئەمریکا بەهێزتر دەکات.
ئەو باس لەوە دەکات، کە "دەبێت واشنتن رووبەڕووی هەوڵە هەرێمایەتییەکان بۆ لاوازکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد بێتەوە." هەروەها "نابێت رێگە بدەین هەرێمە کوردییەکان رووبەڕووی گوشاری ئابووری ببنەوە."
پۆمپەیۆ پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 دووپاتکردەوە دەڵێت، "پێویستە ئەمریکا دان بە رەوایەتیی گشتپرسییەکەی ساڵی 2017ـی کوردستاندا بنێت و دەبێت ئەو هەڵەیە راستبکەینەوە دوای گشتپرسیی ساڵی 2017 بەرامبەر کورد کردمان."
15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: "نابێت هیچ هێزێکی هەرێمی بەبێ سزا دژی هاوبەشەکانمان ئۆپەراسیۆن بکات... دەبێت ئەمریکا هێڵی سوور دابنێت."
پۆمپەیۆ نووسیویەتی: "لە ساڵانی خزمەتکردنماندا فێربووم کە ئەمریکا ئەوکاتە بەهێزترینە کە پاڵپشتی لەوانە دەکات بەهای هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانمان بەرەوپێشەوە دەبەن."
لە کۆتایی گوتارەکەشیدا دەڵێت، "لەکاتێکدا ئێمە [لەگەڵ هەرێمی کوردستان] رێگەکانی پێشخستنی هاوبەشی ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەخەینەڕوو، پێویستە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لە ئەمریکا لێبکرێت."
پۆمیپۆ لە ساڵی 2018 تاوەکو ساڵی 2021 لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ وەک 70ـەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاری کرد، لە ساڵی 2017ش تاوەکو ساڵی 2018ـەش بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە CIA بوو.
لەو کاتەی پۆمپەیۆ بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بوو، رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر روویاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ