ئەمریکا فڕۆکەی بۆینگ 747ـی قەتەر قبووڵ دەکات و ترەمپ بەکاریدەهێنێت

21-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، فڕۆکەی جۆری بۆینگ 747ـی وەرگرت، کە میرنشینی قەتەر پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردبوو بۆ بەکارهێنان وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێیەرفۆرس وەن).
 
پێشکەشکردنی فڕۆکەکە لەلایەن قەتەرەوە، کە بەهاکەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، پرسیاری گەورەی دەستووری و یاسایی وروژاندووە، ئەمە جگە لە نیگەرانیی ئەمنی سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەیەک کە لەلایەن دەوڵەتێکی بیانییەوە بەخشراوە بۆ بەکارهێنان وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتی، کە زۆر هەستیارە.
 
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "وەزیری بەرگری بەپێی هەموو یاسا و رێنماییە فیدراڵییەکان، ئەو فڕۆکەیەی لە قەتەر وەرگرتووە."
 
پارنێڵ گوتی: "وەزارەتی بەرگری کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو و پێداویستییەکان لەبەرچاو دەگیرێن بۆ فڕۆکەیەک کە بۆ گواستنەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت."
 
دەستووری ئەمریکا رێگری لە بەرپرسانی حکومەت دەکات لە وەرگرتنی دیاری "لە هیچ پاشا، شازادە یان دەوڵەتێکی بیانی،" لە بەشێکدا کە بە "بڕگەی دەستکەوتەکان" (Emoluments Clause) ناسراوە.
 
ترەمپ رەتیکردووەتەوە هیچ پرسێکی ئەخلاقی لە ئارادابێت سەبارەت بە وەرگرتنی فڕۆکەکە، رایگەیاندووە کە "گەمژەیی"ـە ئەگەر حکومەتی ئەمریکا فڕۆکەکە وەرنەگرێت.
 
سەرۆکە تەمەن 78 ساڵییە ملیاردێرەکەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سپی، پرسیاری لێکرا ئایا قەتەری دەوڵەمەند بە نەوت چاوەڕێی هیچ شتێک دەکات لە بەرامبەردا؛ ترەمپ گوتی: "من هەرگیز کەسێک نابم ئەو جۆرە پێشنیازە رەتبکەمەوە. مەبەستم ئەوەیە، دەتوانم کەسێکی گەمژە بم و بڵێم نەخێر ئێمە فڕۆکەیەکی بێبەرامبەر و زۆر گرانبەهامان ناوێت."
 
چەک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا یاسایەکی پێشکەشکرد کە رێگری لە ترەمپ دەکات فڕۆکەکە بەکاربهێنێت.
 
یاساکە ناوی (یاسای ئاسایشی گواستنەوەی ئاسمانیی سەرۆکایەتی)ـیە و چاک شومەر، رێگری لە پێنتاگۆن دەکات پارەی باجدەرانی ئەمریکا بۆ دەستکاریکردنی هەر فڕۆکەیەک بەکاربهێنێت، کە پێشتر موڵکی حکومەتێکی بیانی بووبێت بۆ بەکارهێنان وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتی.
 
شومەر رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ چەندین جار نیشانیداوە، ئەگەر بابەتەکە پڕکردنی گیرفانی خۆی بێت، گەلی ئەمریکا و سەرۆکایەتی دەفرۆشێت."
 
هەرچەندە چەندین ئەندامی پارتی کۆماری نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دیارییە پێشنیازکراوەکە دەربڕیوە؛ بەڵام جۆن سیون، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران کە لایەنگرێکی ترەمپە، ناچار نییە پرۆژەیاساکە بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای کۆنگرێس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.