رووداو دیجیتاڵ
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا دەبێتە سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئەوەش دوای ئەوەی هەر 32 وڵاتەکەی هاوپەیمانیی ناتۆ رازی بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی نیشتیمانی رۆمانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرۆکی رۆمانیا وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆی ئاگادار کردووەتەوە، کە لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سکرتێری گشتی ناتۆ کشاوەتەوە".
ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی نیشتیمانی رۆمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئەوان پاڵپشتی لە مارک رووتە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەتەکە.
ئەو بڕیارەی رۆمانیا دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە هەریەک لە هەنگاریا و سلۆڤاکیا پاڵپشتی خۆیان بۆ مارک رووتە بۆ بوونە سکرتێری گشتیی ناتۆ دەربڕی، بەمەش هەموو وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ رازیبوون رووتە ببێتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەتەکە.
رۆمانیا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا گرنگییەکی ستراتیژی پەیداکردووە، ئەوەش بەهۆی سنوورە جوگرافییەکەی کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا و دەریای رەش.
لە رۆمانیا زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی بیانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیرکراون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی سەربازی هاوپەیمانییەتەکەیە، کە لە وڵاتێکی ئەندام جێگیری کردبێت.
هەنگاریا دوای ئەوە پاڵپشتی خۆی بۆ مارک رووتە دەربڕی کە ببێتە سکرتێری گشتی هاوپەیمانییەتەکە، کە هەفتەی رابردوو، یەنس ستۆڵتینبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لەسەر ئەوە رێککەوتن هەنگاریا لە هیچ چالاکییەکی ناتۆ لە ئۆکراینا بەشدار نابێت.
سلۆڤاکیاش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پیتەر پیلیگرینی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە دەستبەکار بوو، رایگەیاندووە بە مەرجی ئەوەی ناچار نەکرێن یارمەتی ئۆکراینا بدەن، بە هەڵبژاردنی مارک رووتە رازین بۆ بوونە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەتەکە.
دەبێت هەر 32 وڵاتە ئەندامەکەی هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر یەک بەربژێر کۆدەنگ بن.
یەنس ستۆڵتبێرگ لە ساڵی 2014ـەوە لە پۆستەکەی بەردەوامە، مارک رووتە لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بە فەرمیی وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانییەتەکە لە شوێنی ئەو دەستبەکار دەبێت.
مارک رووتە کە تەمەنی 57 ساڵە، بە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دادەنرێت زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە. مارک لە تشرینی یەکەمی 2010ـەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و سەرۆکایەتیی چوار کابینەی حکومەتی کردووە.
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 32 ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949 واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ