لە ئیسپانیا تۆڕێک بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی کچانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا بۆ کاری سێکسی دەستگیرکرا

21-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیسپانیا ژمارەیەک کەس دەستگیر کران، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی تۆڕێکیان دروستکردووە، کە کچ و ژنانی رۆژهەڵاتی ئەورووپایان بە بیانووی دۆزینەوەی هەلی کار هەڵخەڵەتاندووە و بازرگانیی سێکسییان پێوە کردوون.
 
پۆلیسی ئیسپانیا بە یارمەتیی پۆلیسی ئەورووپا، ناسراو بە یۆرۆپۆل، تۆمەتبارەکانی دەستگیر کردووە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، تۆمەتبارەکان وەکو رێکخراوێکی تاوانکار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامیان بۆ هەلی کار کردووە، بۆئەوەی کچانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا، بەتایبەتیش ئۆکراینییەکان، لەخشتەببەن.
 
پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، تۆمەتباران بەڵێنیان بە کچ و ژنان داوە کە لە ئیسپانیا مافی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکەن و لە هۆتێل و خواردنگەکان کاریان بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام دواتر ناچاریان کردوون کاری لەشفرۆشی بکەن.
 
کەسێک کە دەگوترێت سەرۆکی تۆڕە تۆمەتبارەکەیە لەگەڵ چوار ئەندامی تۆڕەکە دەستگیر کراون.
 
بەگوێرەی پۆلیس، تۆڕەکە دوای ئەوە ئاشکرا کراوە کە کەسێک لەلایەن فەرمانگەی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە سەر بە پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیایە، سکاڵای تۆمار کردبوو.
 
پۆلیس باس لەوە دەکات، لەکاتی چاودێریکردنی ئەندامانی تۆڕەکەدا بۆیان دەرکەوتووە کە ژمارەیەکیان خۆیان وەکو بەڕێوەبەری کۆمپانیا ناساندووە و لە ئینتەرنێت هەلی کاری ساختەیان پێشكێش بە ژنان کردووە.
 
زۆربەی ئەوانەی دەگوترێت کەوتوونەتە داوی تۆڕەکە، کچان و ژنانی گەنجی ئۆکراینی بوون و لەگەڵ گەیشتنیان بە ئیسپانیا، لە لایەن تۆڕەکەوە رێنمایی کراون بۆئەوەی بە پاساوی جەنگی ئۆکراینا داوای مافی پەنابەرێتیی کاتی بکەن.
 
هەموو ژن و کچەکان لە یەک خانەی لەشفرۆشی ناچار کراون کار بکەن.
 
لە گەڕانی پۆلیسدا، دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێل و دوو هەزار و 495 یۆرۆ، ژمارەیەک موبایل و بەڵگەنامەدا گیراوە.
 
دەستگیرکراوان رووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتی و کرێکارانی بیانی، بەئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانکاری و ناچارکردنی خەڵک بۆ لەشفرۆشی دەبنەوە.
 
لە ئیسپانیا، سزای ناچارکردنی ژن بە لەشفرۆشی تاوەکو 4 ساڵ، پێشێلکردنی مافی کرێکار و هاووڵاتیی بیانی تاوەکو 8 ساڵ و بەئەندامبوون لە تۆڕی تاوانکار تاوەکو 12 ساڵ دەڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.

ماکرۆن بەدوای سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا دەگەڕێت

دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەیان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە و ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە، ئێستا سەرۆکی فەرەنسا بیر لە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەکاتەوە.