رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پاکستان رایدەگەیێنن، هاووڵاتییەکی هیندی لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بەتۆمەتی "سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز" کوژراو پاشان ئاگر لە تەرمەکەی بەردرا.
رۆژی هەینی، 21ـی حوزەیرانی 2024، زاهیدوڵڵاخان، بەرپرسی پۆلیسی پارێزگای بەختنخوا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گەشتیارێکی هیندستانی لەو پارێزگایە سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز کردووە و دانیشتووانی ناوچەکەش هێرشیان کردووەتە سەر.
گەشتیارەکە، بەگوتەی زاهیدوڵڵاخان، لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە ئەشکەنجە دراوە و کوژراوە، دواتریش ئاگر لە جەستەی بەردراوە.
هاووڵاتییەکە خەڵکی هەرێمی (پەنجاب)ـی هیندستان بووە و بۆ گەشتکردن سەردانی ئەو پارێزگایەی پاکستانی کردووە و کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، ئەمەش کاردانەوەی موسڵمانەکانی پاکستانی لێکەوتووەتەوە.
پۆلیسی ناوچەکە تەرمی گەشتیارەکەیان بردووەتە بنکەی پۆلیس، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە لەپێش بنکەی پۆلیس گردبوونەتەوە، بەوهۆیەوە گرژیی لەنێوان پۆلیس و خەڵکی ناوچەکە دروست بووە و ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.
سووکایەتیکردن بە ئایین بەیەکێک لە تاوانە گەورەکان لە پاکستان دادەنرێت، بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە هەر کەسێک سووکایەتی بە ئایینی موسڵمانان بکات، سزاکەی کوشتنە.
مانگی رابردوو، سەدان کەس لە کۆمەڵگەیەکی کریستیانەکان لە شاری سەرگودها گردبوونەوە و کەسێکی تەمەن 70 ساڵییان بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز کوشت.
لە ئابی 2023 بە هەمان تۆمەت، لە نزیک شاری فەیسەلئاباد سەدان موسڵمانی پاکستان هێرشیانکردە سەر گەڕەکێکی کریستیانەکان و چەندین خانوو و 11 کەنیسەی کریستیانەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ