ئەورووپییەکان لە رازیکردنی ئێران سەرکەوتوو نەبوون؛ 'توانای بەرگریمان جێگەی دانوستان نییە'

21-06-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
 کۆبوونەوەی جنێڤ بەبێ دەستکەوت کۆتاییهات.
کۆبوونەوەی جنێڤ بەبێ دەستکەوت کۆتاییهات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر پرسی وزەی ئەتۆمی کۆبوونەوە. بەبێ ئەنجام کۆبوونەوەکە کۆتایی هات و لایەنە ئەورووپییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران نابێ ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
 
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بووە وێستگەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی ئەورووپییەکان.
 
هۆتێلێکی 5 ئەستێرەی جنێڤ، کە زیاتر لە 50 ساڵە میوانداریی بڕیاربەدەستانی جیهان دەکات، شوێنی کۆبوونەوەی هەرسێ وڵاتە ئەورووپییەکە و یەکێتیی ئەورووپا بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
دوای نزیکەی دوو کاژێر لە کۆبوونەوە، ئەورووپییەکان بە پەیامی دیپلۆماسی، بەڵام بەبێ ئەنجامی یەکلاکەرەوە، کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
 
دوای کۆبوونەوەکەش، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد. 
 
یوهان ڤادەفۆل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوە کرد، "ئەنجامە باشەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە، ئێمە لایەنێکمان لەدوای خۆمان جێهێشتووە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئامادەیە دەربارەی هەموو پرسە گرنگەکان بدوێت. بۆ ئێمە وەک ئەورووپییەکان گرنگە بەشدار بین، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەمریکا بەشدار بێت لەم دانوستاندن و چارەسەرییەدا. ئێمە بە گومانێکی گەورەوە لە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەڕوانین."
 
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە روون بووین، ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. سێ وڵاتەکەی ئەورووپا بۆ چەندین ساڵە روون بوون و ئەوە نابێت روو بدات. ئێمە دەمانەوێت درێژە بە گفتوگۆ و دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران بدەین و هانی ئێران دەدەین درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدەن."
 
چاوی رۆژنامەڤانان لەسەر ئەوە بوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسە بکات. 
 
عێراقچی هێرشی کردە سەر ئەورووپییەکان کە هێرشەکانی ئیسرائیلیان سەرکۆنە نەکردووە و رایگەیاند، تەنیا بە مەرجی راگرتنی مووشەکباران ئامادەن دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەم شێوەیە دوا، "ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە دیپلۆماسییەت لەبەرچاو بگیرێت. ئەمەش کاتێک دەستدرێژییەکە رادەگیرێت و دەستدرێژیکار بە بەرپرسیار دادەنرێت بەرامبەر ئەو تاوانانەی کردوونی."
 
وەزیری دەرەوە ئێران گوتیشی، "تواناکانی بەرگریی ئێران جێگەی دانوستان نین، ئێمە پشتیوانی لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەکەین و ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە کۆببینەوە."
 
هەموو لایەنە بەشداربووەکان پشتیان لە شوێنی کۆبوونەوەکە کرد و رێگەی وڵاتەکانیان گرتەبەر. وەک چۆن منداڵێک پێش ئەوەی رووناکیی جیهان ببینێت لێدانەکانی دڵی بوەستێت، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییەی ئەورووپییەکانیش بەو شێوەیە کۆتایی هات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە