رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی قسەی کرد و رایگەیاندووە، ئامادەن بۆ گفتوگۆ، بەڵام لە هیچ هەلومەرجێکدا دابەزاندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیان بۆ سفر قبووڵ ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، "مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرنسا بە تەلەفۆن دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە."
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پزیشکیان رایگەیاندوو، "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و هاوکاری بۆ دروستکردنی متمانە لە بواری چالاکیی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەدا، بەڵام لە هیچ هەلومەرجێکدا دابەزاندنی چالاکییە ئەتۆمییەکان بۆ سفر قبووڵ ناکەین و وەڵامدانەوەمان بۆ بەردەوامیی دەستدرێژیی رژێمی ئیسرائیل، تووندتر و چارەنووسسازتر دەبێت."
بەپێی راگەیێندراوەکە، پزیشکیان گوتوویەتی، "ئەو ئۆپراسیۆنە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام بوو، شایەتیی ئەوە دەدات کە ئیسرائیل بە هێرشی سەربازی بۆسەر کۆماری ئیسلامی پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو رێسا نێودەوڵەتییەکان دەکات. هەوڵی رژێمی زایۆنی بۆ نائارامکردنی تەواوی ناوچەکەیە و چاوەڕوان دەکرێت حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بە پشتبەستن بە بنەما و رێسای جیهانی، ئەم پرۆسەیە شەرمەزار بکەن و رێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر بۆ پێشگرتن لە بەردەوامیی ئەو کردەوانە."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە فەتوای رێبەری باڵا چەندین جار رایگەیاندووە کە هەرگیز هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە.
گوتیشی، "ئێران هەمیشە رایگەیاندووە، ئامادەیە بۆ دابینکردنی گەرەنتی و متمانە سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بە شێوەی ئاشتییانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەرگیز دەستبەرداری مافی رەوای خۆی نابێت بۆ خاوەندارێتی توانای ئەتۆمیی ئاشتییانە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، بۆ چارەسەری کێشەکان ئامادەن بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ، بەڵام هەر جۆرە گفتوگۆ و پێشمەرجێک تەنیا لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی نێودەوڵەتیدا قبووڵ دەکات، "ئێمە ئامادەین بۆ بنیاتنانی متمانە و لەم رووەوە پێشوازی لە هەر دیالۆگ و دانوستاندنێک دەکەین لە چوارچێوەی مافە ئاشکرا و روونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا."
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، ماکرۆن رایگەیاندووە، "ئێمە بەشداریمان لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆسەر ئێران نەکردووە و پشتیوانیمان لێ نەکرد. لە روانگەی فەرەنساوە هەر هێرشێک بۆسەر ناوەندە سڤیل و نائەتۆمییەکان سەرکۆنە دەکرێت."
ئیمانوێل ماکرۆن لەوبارەوە لە ئێکس نووسیویەتی، "قبووڵی ناکەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت دڵنیایی بدات کە پرۆگرامەکەی بۆ ئاشتییە."
ماکرۆن داوای ئازادکردنی دوو کەسی فەرەنسی لە سەرۆککۆماری ئێران کرد و راشیگەیاند، "بۆ رێککەوتن بە رێگەی دانوستاندن، بە هاوکاریی ئەورووپییەکان هەوڵەکانمان خێراتر دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ