رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، هێزە ئۆکراینییەکان بۆمبی هێشووییان دژی سوپای رووسیا بەکارهێناوە و ئاماژە بەوەش دەکەن بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە "کاریگەری هەبووە".
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئۆکراینییەکان بۆمبی هێشووییان لە هێرشی پێچەوانە دژی سوپای رووسیا بەکارهێناوە.
جۆن کێربی گوتیشی، "هەندێک زانیاری سەرەتاییمان لە ئۆکراینییەکانەوە وەرگرتووە کە ئەوان بەشێوەیەکی کاریگەر بۆمبە هێشووییەکان بەکاردەهێنن."
بۆمبی هێشوویی لەلایەن زیاتر لە 120 وڵاتی جیهانەوە قەدەخەکراوە، بەهۆی ئەوەی کە بە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل دادەنرێت.
بۆمبی هێشوویی ئەوانەن کە پڕن لە بۆمب و تەقەمەنیی بچووک؛ بە فڕۆکە فڕێدەدرێنە خوارەوە یانیش لە زەوییەوە دەهاوێژرێن و بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی هێندەی چەند یاریگەیەکی تۆپی پێدا بڵاودەبنەوە.
لەبەرئەوەی ئەم چەکانە بە گشتی بە بارووت پاڵیان پێوە نانرێت، بەڵکو سەربەستانە بەردەدرێنە خوارەوە، دەکرێت زۆر لە ئامانجەکەیان دوور بکەونەوە و شوێنی دیکە بپێکن؛ ئەمە ئەگەر بە شێوەیەکی نەگونجاو یانیش لە کاتی هاتنی بادا، بهاوێژرێن.
مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە دەکرێت هەموو بۆمبە بچووکەکان نەتەقنەوە و هەندێکیان وەکو مین بکەونە سەر زەوی و چەندین ساڵ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، بە خەڵکدا بتەقنەوە. هەربۆیە پەیماننامەی ساڵی 1997ی ئۆتاوا قەدەخەیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ