ئەمریکا و رووسیا جەخت لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەکەنەوە

21-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، 21-08-2025، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بارودۆخی سووریا، پرسی دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری دیمەشق و پێکدادانەکانی نێوانیان، تەوەرێکی سەرەکیی گوتاری نوێنەرانی وڵاتان بوو.
 
لە کاتێکدا ئەمریکا، رووسیا و وڵاتانی ئەورووپا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هەردوولا کردەوە، تورکیا بە تووندی هێرشی کردە سەر هەسەدە و داوای "هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی"ی کرد.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، گێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند کە نیگەرانن لەوەی ئەم مانگەپێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی راگوزەر و هەسەدە لە پارێزگای حەلەب زیادبوون. پیدەرسن گوتی: "هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لە باکووری رۆژهەڵات بەردەوامن، بەڵام هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی هەردوولا لە دەرەوەی سووریا تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون."
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە "پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی حکومەتی کاتی و نوێنەرانی هەسەدە" کرد و هیوای خواست "ئەو پەیوەندییانە رێککەوتنێکی راستەقینەیان لێ بکەوێتەوە." جەختیشی کردەوە کە پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵ "پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەپەلە" لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا بەدی بێت.
 
دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری یەکەمی نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارەکەیدا بە روونی ئاماژەی بە پرسی کورد کرد و رایگەیاند: "ئەرکێکی زۆر گرنگ لە چوارچێوەی بونیادنانی دەوڵەتدا، یەکخستنەوەی کوردەکانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سووریادا و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی" نێوان دیمەشق و هەسەدەیە. 
 
دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی "پێکدادانەکانی ئەم دواییەی منبج و دێرەزوور" دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئارامی بپارێزن. 
 
نوێنەری فەرەنساش، سێلین یۆرگنسن، رایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، وەک نێوەندگیر، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی "بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 لە نێوان نوێنەرانی باکووری رۆژهەڵات و دیمەشق."
 
لە بەرامبەردا، ئەحمەد یڵدز، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندترین زمان هێرشی کردە سەر هەسەدە و گوتی: "جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لەگەڵ 'بەناو هەسەدە' گرنگییەکی زۆری هەیە. تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی باوەڕپێکراومان لە هەسەدەوە نەبینیوە کە گرژییەکان کەم بکاتەوە."
 
نوێنەری تورکیا هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەوڵی درێژکردنەوەی نادڵنیایی دەدات و قەیرانەکان بۆ دەستکەوتی خۆی بەکاردەهێنێت" و رایگەیاند: "ئێمە دووبارە داوا دەکەین هەسەدە هەڵبوەشێنرێتەوە و چەک بکرێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا