رووداو- نیویۆرک
لە مێزە دارینە خڕەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، پەیامێکی سارد لەبارەی داعشەوە بە گوێی دونیادا دەدرێت: داعش لاوازبووە، بەڵام زۆری ماوە لەنێوبچێت و دەیەوێت لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە خۆی بەهێز بکاتەوە.
ڤلادیمیر ڤۆرنۆڤس، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆفیسی دژەتیرۆر دەڵێت: "داعش هەڕەشەیەکی ئاڵۆزە و پێشبینی نەکراوە لەکاتێکدا گرووپەکە و لقەکانی توانای خۆگونجاندن و هەستانەوەیان هەیە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان دژی تیرۆر."
لێکۆڵەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد دەدات لەلایەن داعشەوە.
ناتالیا غێرمان، بەڕێوەبەری سەنتەری دژەتیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "پێویستمان بە نوێگەرییە لە وەڵامماندا دژی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و سۆشیاڵ میدیا لەلایەن داعشەوە بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ، کۆکردنەوەی کۆمەک و پڕوپاگەندە."
یەکێک لە دیارترین بەکارهێنانەکانی ژیریی دەستکرد لەلایەن داعشەوە دوای هێرشەکەی ساڵی پاری گرووپەکە بوو بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ. لە تێلەگرام، داعش بێژەری ژیریی دەستکردی بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بەکارهێنا.
پسپۆڕان دەڵێن ئەمە تەنیا سەرەتایە؛ کۆڵن کڵارک، بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە لە ناوەندی سۆوفان، بە رووداوی گوت: "ئێستا، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە لایەن داعشەوە لە قۆناخەکانی سەرەتادایە. لەم ساتەدا زۆر جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵام داعش گرووپێکی زۆر خۆگونجێنە. دیومانە لە ساڵانی رابردوودا چۆن گۆڕانکاری لە هێرشەکانی، تەکنیکەکانی و پلانەکانیدا کردووە. پێموایە وەکو ئادەم هادڵی لە ناوەندی تەکنۆلۆژیای دژەتیرۆر قسەی لەسەر کردووە، ئەوەی پێی دەگوترێت ئەجێنتێک ئەی ئای، کە وادەکات ئەم گرووپە بتوانێت دەیان هەزار بۆت بەکاربهێنێت و ئەرکەکانی سەر شانی خۆی سووک بکات، ئەمە نیگەرانییەکی زۆر گەورە دەبێت لە داهاتوودا."
لە پرێس کۆنفرانسێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی رۆڵی کوردانی رۆژئاڤاوە لەم قۆناخە نوێیەی جەنگی دژی داعشدا پرسی.
ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "تێکەڵکردنەوەی هەموو گرووپە ئەمنییەکانی سووریا زۆر گرنگە. وەکو هەمیشە گوتوومانە، هیوادارین گفتوگۆکان لە نێوان حکومەت و باڵە جیاوازەکاندا بەرەو پێشەوە بڕوات. گرنگە بۆ یەکپارچەیی سووریا و هەروەها گرنگە بۆ جەنگی بەردەوامی دژ بە تووندڕۆیی و تیرۆر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ