وەزیرى دەرەوەى لوبنان بۆ رووداو: لە دوو مانگدا 60 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانى وڵاتی ئێمەیان کردووە

21-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
عەبدوڵڵا بوحەبیب، وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات.
عەبدوڵڵا بوحەبیب، وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات.
نیشانەکردن کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان دەڵێت، "لە مانگەکانى ئاب و تەممووزى ئەمساڵدا بۆ هەر مانگێک نزیکەی 30 هەزار عێراقى سەردانى لوبنانیان کردووە"؛ باس لەوەش دەکات، کارئاسانیی تەواویان بۆ گەشتیارانی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق کردووە، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بەبێ ڤیزە سەردانی وڵاتەکەی بکەن. 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب، وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023 لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، پەیوەندییەکی نایابیان لەگەڵ عێراق هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە دۆخە سەختەکانی وەک ئێستادا زۆر یارمەتی لوبنانی داوە. 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب لەبارەی پەیوەندی گەشتوگوزاری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی لوبنان دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد، لە دوو مانگی حوزەیران و تەممووزی ئەمساڵدا نزیکەی 60 هەزار گەشتیاری خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق چوونەتە وڵاتەکەی. 
 
بەهۆى دابەزینى بەهاى لیرەى لوبنانى بەرامبەر دۆلار، ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانى دارایی و ئابوورى قووڵ بووەتەوە، ئەوە جگە لە قەیرانى سیاسی کە نزیکەى ساڵێکە بەهۆى ناکۆکى سیاسییەوە نەتوانراوە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
 
وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان گوتى، "دەزانین کێشەی سیاسیمان هەیە و ناتوانین کێشەی ئابووریش چارەسەر بکەین، پێش ئەوەی کێشە سیاسییەکە چارەسەر بکەین. ئەمە بابەتێکی نێوخۆییە، بەڵام لەلایەن زۆر دۆست لە ناوچەی عەرەبی و سەرانسەری جیهانەوە یارمەتیمان دراوە. ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین و رێککەوتنێکمان لەگەڵ سندووقی نەختی نێودەوڵەتی هەیە و هەر کاتێکیش سەرۆکێکمان هەبوو و واژۆی کرد، ئیدی پەرلەمانیش واژۆی دەکات". 
 
لەبارەى ئەگەرى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە ئایندەیەکى نزیکدا، عەبدوڵڵا بوحەبیب بە رووداوى گوت، "ئەوە پرسیارێکی زۆر زەحمەتە. من ئەندامی پەرلەمان نیم، بەڵام نزا دەکەم زوو سەرۆکێکمان هەبێت". 
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانى لەنێوان عێراق و لوبنان زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلارە. عێراق لە لوبنانەوە چەند جۆرێکى میوە و پێداویستى دیکە هاوردە دەکات و نەوتى رەشى پێ دەفرۆشێت.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیب، وەزیرى دەرەوە و کۆچبەرانى لوبنان: 
 
رووداو: زۆر سوپاس، جەنابی وەزیر. پرسیارێکی خێرا لەبارەی عێراق و کوردستانی عێراق. دەتوانیت پێمان بڵێی کە سرووشتی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ عێراق و کوردستانی عێراق چۆنە؟ 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب: پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ عێراق هەیە. عێراق زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە یارمەتی لوبنان دەدات، یان با بڵێم هێندەی هەر وڵاتێکی دیکە یارمەتی لوبنان دەدات. عێراقییەکان دێنە لوبنان؛ لوبنانیان خۆش دەوێت و وڵاتی دووەمیانە. لە حوزەیران و تەممووزدا مانگانە نزیکەی 30,000 عێراقی هاتوونەتە لوبنان. ئەمە شتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە. بۆ عێراقییەکانیش باشە. ئێمە برای باشی یەکدی بووین و هەر بەو جۆرەش دەمێنینەوە. 
 
رووداو: بەڕێزتان باسی گەشتیاریتان کرد. خەڵکێکی زۆر لە کوردستانی عێراق و عێراقەوە سەردانی لوبنان دەکەن. هیچ پلانێکتان هەیە بۆ کارئاسانیکردنی زیاتر بۆ گەشتیاران لە داهاتوودا؟ 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب: ئەوان پێویستیان بە ڤیزە نییە بۆ ئەوەی بێن بۆ لوبنان و ئەوەش گرنگترین شتە. ئێمە لەسەر ئەوە زۆر کارمان کرد. ئەو کارە ئاسان نەبوو، بەڵام کردمان. ئێمە پێشوازیان لێ دەکەین. ئەوان دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەوە بێن یان بە وشکانی بێن؛ هەمیشە بەخێربێن.  
 
رووداو: لوبنان دۆخێکی سەختی هەیە، ئەوەی کە پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە. چ داواکارییەکتان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانتان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە وڵاتەکەتاندا هەیە؟ 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب: دەزانین کە کێشەی سیاسیمان هەیە و ناتوانین کێشەی ئابووریش چارەسەر بکەین پێش ئەوەی کێشە سیاسییەکە چارەسەر بکەین. ئەمە بابەتێکی نێوخۆییە، بەڵام لەلایەن زۆر دۆست لە ناوچەی عەرەبی و سەرانسەری جیهانەوە یارمەتیمان دراوە. ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین و رێککەوتنێکمان لەگەڵ سندووقی نەختی نێودەوڵەتی هەیە و هەر کاتێکیش سەرۆکێکمان هەبوو و واژۆی کرد، ئیدی پەرلەمانیش واژۆی دەکات. 
 
رووداو: چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە سەرۆکی لوبنان هەڵبژێرن؟ 
 
عەبدوڵڵا بوحەبیب: ئەوە پرسیارێکی زۆر زەحمەتە. خۆزگە دەمزانی. من ئەندامی پەرلەمان نیم، بەڵام نزا دەکەم زوو سەرۆکێکمان هەبێت.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە