رووداو دیجیتاڵ
لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا هاووڵاتییان لەسەر شەقامەکان ناڕەزایی دەردەبڕن دژی دوایین هێرشی ئازەربەیجان بۆ سەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ و داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی هێرشەکانی ئازەربەیجان بۆ سەر وڵاتەکەیان بێنە دەنگ.
ئارتور پۆگۆسیان، هاووڵاتییەکی ئەرمینییە، سەرۆکی ئازەربەیجان بە "دیکتاتۆر" ناودەبات و دەڵێت: "داواکاری ئێمە ئەوەیە کە رێگه بە دیکتاتۆر ئیلهام ئەلیڤ، سەرۆکی ئازەربەیجان نەدرێت ئەو کارانە بکات، پێویستە کۆماری ئەرمینیاش هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر، لەنێویاندا بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ئەوەی ژیانی ئەرمینییەکان پارێزراو بێت."
ئەرمینییەکان جگە لەوەی داوای وەستاندنی هێرشەکانی سەر قەرەباخیان کرد، هەڵوێستی سەرۆکی وڵاتەکەیان دژی سوپای ئازەربەیجان بە "ترسنۆک"ـانە ناوبرد و داوای دەست لەکار کێشانەوەیان لێی کرد.
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکی ئەرمینیا لەبارەی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی دەڵێت، "ئێستا دۆخی سنوورەکانی ئەرمینیا سەقامگیرە، بەڵام ئامانجی سەرەکی هێرشی ئازەربەیجان ئەوەیە کە ئەرمینیا بخاتە نێو کردەوەی سەربازییەوە."
لە 19ـی ئەیلوولی 2023، سوپای ئازەربەیجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەناوی "ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر" بۆ سەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کرد و 90%ـی پێگە سەربازییەکانی ئەرمینیای لە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی کوژرانی 200 کەس و برینداربوونی 400 کەسی دیکە لە هەردوولا، سەرۆکی ئازەربەیجانیش هێرشەکەی بە "سەرکەوتن" بۆ وڵاتەکەی ناوبرد و رایگەیاند، لەگەڵ گرووپە جوداخوازەکانی ناوچەکە دەست بە گفتوگۆ دەکەن بۆ لکاندنی هەرێمەکە بە ئازەربەیجانەوە.
ئیلهام ئەلیڤ، سەرۆکی ئازەربەیجان ئۆپەراسیۆنەکە بە دەستپێکی ئاشتی ناودەبات و دەڵێت، "ئەوەی روویدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئازەربەیجان و ئەرمینیا دەبێت و بەهیوام کە ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر هەموو بەربەستەکان نەهێڵێت و ئاشتییەکی راستەقینە بهێنێتە ئاراوە."
هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ زیاتر لە 30 ساڵە بووەتە جێی ململانێی نێوان ئازەربەیجان و ئەرمینیا؛ هەرچەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوچەکە وەکو بەشێک لە ئازەربەیجان سەیر دەکرێت، بەڵام زیاتر لە 120 هەزار دانیشتووی هەرێمەکە بە رەچەڵەک ئەرمینین و بە "جوداخواز" دادەندرێن و لەلایەن ئەرمینیاوە پشتیوانی دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ