رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، شەوی رابردوو 101 درۆنی ئۆکراینییان لە خاکی رووسیا دا تێکشکاندووە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
رۆژی شەممە، 21-09-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "سیستمی بەرگریی ئاسمانیمان توانی 101 درۆنی ئاراستەکراوی ئۆکراینی تێکبشکێنێت."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، 53 درۆن لە ئاسمانی هەرێمی بریانسک خراونەتە خوارەوە و ئیدارەی هەرێمەکە رایگەیاند: "هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە." 18 درۆن لە هەرێمی کراسنۆداری دراوسێی کریمیا خراونەتە خوارەوە.
ڤێنیامین کۆندراتیێڤ، پارێزگاری هەرێمی کراسنۆدار رایگەیاند: "لە ناوچەی تیخۆرێستکی تێکشکاندنی درۆن بووە هۆی دروستبوونی ئاگرێک، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو."
11 رۆژ لەمەوبەر لە راگەیێندراوێکدا رووسیا تێکشکاندنی 144 درۆنیان بڵاوکردەوە. ئەوکات، ئەندرێ ڤۆۆبیۆڤ، پارێزگاری هەرێمی مۆسکۆ لە نامەیەکی تەلەگرامدا نووسی، ژنێکی تەمەن 46 ساڵ کوژراوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون. لە ئەنجامی هێرشەکەی ئۆکراینادا، چوار فڕۆکەخانەی مۆسکۆ گەشتەکانیان هەڵوەشاندنەوە یان دوایانخستن.
ئەلێکساندەر بۆگۆماز، پارێزگاری هەرێمی بریانسک، رایگەیاند، لە هەرێمەکەیان کە هاوسنووری ئۆکراینایە، "دووژمن هێرشێکی تیرۆریستیی گەورەی کرد." باسی لەوەشکرد، "هیچ زیانی گیانی یان دارایی نەبوو، هەموو هێرشەکان بەرپەرچدرانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ