رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەریتانیا و پۆرتوگال دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا بنێن، ئەمەش پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی چارەنووسساز لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا ژمارەیەک وڵاتی دیکەش هەمان هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی گوشار بخەنەسەر ئیسرائیل تاوەکو هێرشەکانی لە غەززە بوەستێنێت، کە بەشێک لە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان دەڵێن "جینۆسایدە".
هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ژمارەیەک لە هاوپەیمانە دێرینەکانی ئیسرائیل لە مانگەکانی رابردوودا هەڵوێستیان گۆڕیوە. ئەو ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوە رووبەڕووی وێرانکارییەکی بەرفراوان، کوشتار و کەمیی خۆراک بووەتەوە، کە بووەتە هۆی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی.
سەرکردەکانی جیهان ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک بۆ گفتوگۆیەکی گرنگ لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆدەبنەوە، کە تێیدا چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین، تەوەری سەرەکی دەبێت.
پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نزیکەی 10 وڵات دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا بنێن.
میدیاکانی بەریتانیا وەک بی بی سی بڵاویانکردەوە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، رۆژی یەکشەممە گۆڕانکاریی سیاسەتی وڵاتەکەی رادەگەیێنێت، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایەتیی تووندی ئیسرائیل.
ستامەر لە مانگی تەممووزدا رایگەیاندبوو، ئەگەر ئیسرائیل تاوەکو کاتی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "هەنگاوی کرداری" بەرەو ئاگربەست لەگەڵ حەماس نەنێت، بەریتانیا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێت.
سەرکردەی پارتی کرێکاران ئەو کاتە گوتی، ئەو هەنگاوە "بریتییە لە بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی ئاشتیی دروست، لە کاتێکدا کە زۆرترین کاریگەریی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت."
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستامەری بە پاداشتکردنەوەی "تیرۆری دڕندانە" و سازشکردن لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای "جیهادی" تۆمەتبار کرد.
ئیسرائیل دژیەتی
وەزارەتی دەرەوەی پۆرتوگال رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەوانیش رۆژی یەکشەممە بە فەرمی دانپێدانانەکەیان رادەگەیێنن.
لیشبۆن پێشتر لە مانگی تەممووزدا نیازی خۆی بۆ ئەو کارە راگەیاندبوو و ئاماژەی بە "پەرەسەندنە زۆر نیگەرانکەرەکانی ململانێکە،" قەیرانی مرۆیی و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی خاکی فەلەستین کردبوو.
لەو کاتەوەی ئیسرائیل بۆردوومانی غەززەی کردووە، ناوەندێکی چاودێریی برسێتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی دەکات، لە بەشێک لە کەرتەکە برسێتی و قاتوقڕی کوشندەی راگەیاندووە و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە "هێزی بێوێنە" بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە بەکاردەهێنێت.
فەرەنسا و کەنەدا لەنێو ئەو وڵاتە رۆژئاواییانەدان کە پلانیان هەیە ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا بنێن.
ئیسرائیل بە تووندی دژی ئەو هەنگاوانە وەستاوەتەوە، لە بەرامبەردا هەڕەشەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوای کردووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، جیهان "نابێت لە کاردانەوەی ئیسرائیل بترسێت".
هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بووە هۆی کوژرانی هەزار و 219 کەس لە ئیسرائیل کە زۆربەیان سڤیل بوون، ئەمەش بەگوێرەی داتای فەرمی.
هێرشەکانی ئیسرائیلیش بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 65 هەزار و 208 کەس، کە ئەوانیش زۆربەیان سڤیلن، ئەمەش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانێت. یواڤ گاڵانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی کوژراو و بریندارانی سڤیل لە غەززە، زیاترە لە 200 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ