جیهان
ژمارەیەک پەنابەری سووری لە 4ـی نیسانی 2016 دەگەنە کەمپێک لە فریدلاندی ئەڵمانیا. وێنەکە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە گیراوە.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی فیدڕالیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو پەناخوازە سووریاییانەی داوای مافی پەنابەرییان کردووە، گوێگرتن لە دۆسییەکانیان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام جارێ بڕیاریان لەسەر نادرێت، کە ئایا مافی پەنابەرییان پێ دەدرێت یان رەت دەکرێنەوە.
زیاتر لە 9 مانگ بوو هەموو بڕیارەکان لەبارەی داواکاریی پەناخوازانی سووریاییەوە راگیرابوون.
وەزارەتەکە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2024ـەوە بڕیاردانی لەسەر داواکارییەکانی مافی پەنابەریی راگرت و هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئاڵۆز و خێرا گۆڕاوی سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد گەڕاندەوە. لەو کاتەشەوە گوێگرتن لە دۆسیەی پەناخوازانی خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگیرا.
وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، ئامانج لە دەستپێکردنەوەی گوێگرتن و پێداچوونەوەی داواکان کۆکردنەوەی زانیاریی نوێیە لەبارەی پێویستییەکانی پاراستنی سووریاییەکان لەژێر رۆشنایی پێشهاتە نوێیەکانی وڵاتەکەیان، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسییەکانی مافی پەنابەرییەوە هێشتا بەشێوەیەکی گشتی راگیراون.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکان:
- ئەو دۆسیانەی کە پێویستیان بە هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا نییە، وەک ئەو دۆسیانەی بە گشتی شیاوی پێدانی مافی پەناخوازی نین و رەتدەکرێنەوە، بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
- ئەو دۆسیانەی پاساوی ئەمنییان هەیە، دەکرێت بە جیا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
- داواکاریی مافی پەنابەری بۆ ئەو کەسانەی کە ئەندامی خێزانیان لە ئەڵمانیا مافەکەیان وەرگرتووە و دەیانەوێت یەکبگرنەوە، بڕیاریان لەسەر نادرێت، بێ رەچاوکردنی ئەوەی کە ئایا داواکار خەڵکی سووریایە یان وڵاتێکی دیکە.
- ئەو دۆسیانەشی کە مافی پەنابەرییان پێدراوە، بەڵام دواتر بڕیاردراوە هەڵبوەشێنرێنەوە، کار لەسەر بەشێکیان دەکرێت.
- ئەو دۆسیانەشی کە داواکاران بە خۆیان وازیان لێهناون و دەستبەرداریان بوون، دادەخرێن یان رەتدەکرێنەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت: "بەردەوام چاودێریی دۆخی سووریا دەکات و کاتێک هۆکارەکانی راگرتنەکە نامێنن، بە تەواوی دەست بە کارکردن لەسەر داواکارییەکانی پەنابەری دەکاتەوە."
سەبارەت بە سووریاییانەی کە تاوانبارن و ئەو کەسانەشی بە هەڕەشە دەبینرێن، وەزارەتەکە بڕیاریداوە پێداچوونەوە بۆ مافی پەنابەرییان بکات بۆ ئەوەی هەڵیانبوەشێنێتەوە تاوەکو دیپۆرت بکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوانی قورس دەبێتە هۆی "بێبەشکردنی کەسەکان لە پاراستن یان رەنگە ببێتە هۆی کێشانەوەی ئەو مافەی پێشتر پێیاندراوە."
تاوەکو 31ـی ئابی 2025، وەزارەتەکە بڕیاری لەسەر 53 هەزار و 187 دۆسیەی مافی پەنابەری داوە، کە لە لایەن سووریاییەکانەوە پێشكێش کرابوون، کە دەکاتە 39.3%ـی کۆی گشتیی ئەو داواکارییانەی چاوەڕێی بڕیارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ