رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئەفغانستان دەکات و دەڵێت، ئەگەر تاڵیبان بنکەی ئاسمانیی باگرام رادەستی ئەمریکا نەکاتەوە، "شتی خراپ روو دەدات."
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئەگەر ئەفغانستان بنکەی ئاسمانیی باگرام نەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو لایەنەی کە دروستیکردووە، واتە ئەمریکا، ئەوا شتی خراپ روودەدات."
ئەم هەڕەشە ناڕوونەی ترەمپ چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە لە کاتی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بەریتانیا، باسی لە وەرگرتنەوەی بنکەکە کرد.
باگرام، گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ئەفغانستان، پایەیەکی سەرەکی بوو لەو شەڕەی کە واشنتن دوای هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001 دژی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیپێکرد.
رێکخراوەکانی وەک لێبووردنی نێودەوڵەتی و هیومان رایتس وۆچ دەڵێن، ئەمریکا لەو بنکەیەدا پێشێلکاریی سیستماتیکی لە دژی مافەکانی مرۆڤ کردووە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستبەسەر دەکران.
ترەمپ هەمیشە نیگەرانیی خۆی لەبارەی لەدەستدانی باگرامەوە دەربڕیوە، بەهۆی ئەوەی کە پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە و نزیکە لە چین، بەڵام رۆژی پێنجشەممە یەکەمجار بوو رابگەیێنێت کە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا گوتی، "هەوڵدەدەین وەریبگرینەوە، رەنگە ئەمە هەواڵێکی بەپەلەش بێت، هەوڵدەدەین وەریبگرینەوە چونکە ئەوان (ئەفغانستان) پێویستیان بەوەیە ئێمە هەندێ شتیان پێ بدەین."
هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە تەممووزی 2021 بە شپرزەیی لە باگرام کشانەوە، دواتر تاڵیبان دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی ئەفغانستاندا گرت و پاشان کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی کرد.
ترەمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، رەخنە لە وازهێنان لە بنکەکە دەگرێت و جۆ بایدن، سەرۆکی پێش خۆی، بە بەرپرسیار دەزانێت لە شێوازی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
دواتر لە رۆژی شەممەدا، رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد کە ئایا بیری لە ناردنی هێز بۆ وەرگرتنەوەی باگرام کردووەتەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "قسە لەسەر ئەوە ناکەین، بەڵام ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەفغانستان، دەمانەوێت بە زووترین کات بگەڕێتەوە، دەستبەجێ. ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا دەبینن چی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ