رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە باشووری مۆسکۆ، جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای رووسیا کوژرا. رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دێت لە شاری مەیامیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لێکۆڵەرانی رووسیاش پەنجەی تۆمەت بۆ "هێزە تایبەتەکانی ئۆکراینا" رادەکێشن.
هەرچەندە کیێڤ هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە، بەڵام لێکۆڵەرانی رووسیا دەڵێن، بەدوای سەرەداوی ئەوەدا دەگەڕێن ئایا تەقینەوەکە پەیوەندی بە "هێزە تایبەتەکانی ئۆکراینا"وە هەیە یان نا.
شێوازی تەقینەوەکە هاوشێوەی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە کراونەتە سەر جەنەڕاڵ و کەسایەتییە دیارەکانی داکۆکیکاری جەنگ، کە پێشتر ئۆکراینا بەرپرسیارێتیی هەندێکیانی لەئەستۆ گرتووە یان گومانی سەرەکیی لێ دەکرێت.
جەنەڕاڵ ڤانیل سارڤارۆڤی تەمەن 56 ساڵ، سەرۆکی بەشی راهێنان لە دەستەی ئەرکانی سوپای رووسیا بوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە کوژرا کە لەژێر ئۆتۆمبێلە راگیراوەکەیدا لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی باشووری مۆسکۆ دانرابوو.
کامێز شەدادی، پەیامنێری رووداو سەردانی شوێنی تەقینەوەکەی کرد. ئەو دیمەنانەی کە رووداو راستەوخۆ گواستنیەوە، ئۆتۆمبێلێکی تێکشکاو و سووتاوی جۆری (Kia)ـیان نیشاندا. هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆدابوو و لێکۆڵەران خەریکی پشکنینی پاشماوەکان بوون.
گەواهیدەرەکان کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، باسیان لەوە کرد کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێزیان بیستووە.
تاتیانا، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە و تەمەنی 74 ساڵە، گوتی: "بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد. واماندەزانی لە ئارامیداین، کەچی ئەمە راستەوخۆ لە تەنیشتمان روویدا."
گریگۆری تەمەن 70 ساڵ، هاووڵاتییەکی دیکەی رووسیایە و گوتی: "پەنجەرەکان لەرزینەوە، دەزانرا کە تەقینەوەیە. دەبێت هۆشیارتر بین، ئەمە باجی جەنگە."
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا کە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان دەکات رایگەیاند: "کار لەسەر دۆسیەی کوشتنەکە لە چەند ئاراستەیەکەوە دەکەین. یەکێک لەوانە ئەگەری رێکخستنی تاوانەکەیە لەلایەن دەزگا تایبەتەکانی ئۆکرایناوە."
بەگوێرەی ژیاننامە فەرمییەکەی کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری بڵاوکراوەتەوە، سارڤارۆڤ لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەشداری لە شەڕەکانی سوپای رووسیادا لە باکووری قەوقاز، بەتایبەتی لە چیچان کردووە. هەروەها لە ساڵانی 2015-2016 فەرماندەیی هێزەکانی رووسیای لە سووریا کردووە.
چڕبوونەوەی دانوستاندنەکان
کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش دوای سێ رۆژ لە گفتوگۆکانی شاری مەیامی دێت، لەکاتێکدا ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگە چوار ساڵییەکە چڕکردوونەتەوە.
رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا ستایشی "بەرەوپێشچوونی" دانوستاندنەکانیان کرد. کیریڵ دمیتریڤ، نێردەی رووسیاش لەگەڵ تیمی ئەمریکا کۆبووەوە، کە جارید کوشنەر، زاواکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێویاندا بوو. ویتکۆف دیدارەکانی بە "بەرهەمدار و ئەرێنی" ناو بردن.
پلانێکی سەرەتایی 28 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردبوو، لەگەڵ داواکارییە سەرەکییەکانی مۆسکۆ دەگونجا، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لە کیێڤ و پایتەختەکانی ئەورووپا دروستکردبوو.
ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی کار لەسەر باشترکردنی پلانەکە دەکەن، هەرچەندە کیێڤ دەڵێت هێشتا داوای لێ دەکرێت "سازشی گەورە" بکات، وەک دەستبەرداربوون لە تەواوی هەرێمی دۆنباس بۆ رووسیا. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گومانی خۆی نیشانداوە لەوەی رووسیا بەڕاستی بیەوێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
هەر رۆژی دووشەممە، کرێملین رەتیکردەوە کە بیەوێت یەکێتیی سۆڤیەت دروستبکاتەوە و دەست بەسەر تەواوی ئۆکراینادا بگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە هەواڵگریی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئامانجی پووتین لە کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا گەورەترە.
لەوەتەی جەنگ لە شوباتی 2022 دەستی پێکردووە، کیێڤ بە چەندین هێرش بۆ سەر بەرپرسانی سەربازیی رووسیا و کەسایەتییەکانی نزیک لە کرێملین تۆمەتبار کراوە.
لە نیسانی رابردوودا تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک مۆسکۆ، جەنەڕاڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک، جێگری سوپاسالاری کوشت. لە کانوونی یەکەمی 2024ـیشدا، ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆجی، بەهۆی تەقینەوەی سکووتەرێکی کارەبایی بۆمبڕێژکراو لە مۆسکۆ کوژرا، کە دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا (SBU) بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
هەروەها ماکسیم فۆمین، بلۆگەری سەربازیی رووسی لە نیسانی 2023 بە تەقینەوەی پەیکەرێک لە کافتریایەک لە سان پیترسبۆرگ کوژرا. لە ئابی 2022ـیشدا، بۆمبێکی چەسپێنراو بە ئۆتۆمبێلێکەوە، داریا دوگینا، کچی بیرمەندی گەورەی ناسیۆنالیستی رووسی، ئەلێکساندەر دوگینـی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ