رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە و وەک خۆی دەڵێ، سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە "جەنگی دڕندانەی رووسیا".
زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: "گفتوگۆمان لەسەر وردەکاریی گرنگی کارە بەردەوامەکان کرد."
زیلینسکی هەروەها دەڵێت: "بیرۆکەی باش هەن کە دەتوانن خزمەت بە ئەنجامێکی هاوبەش و ئاشتییەکی بەردەوام بکەن."
سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی دوو نێردراوەکەی کرد بۆ "کارە بونیادنەرەکەیان، کارە چڕوپڕەکان و وشە جوانەکانیان."
زیلینسکی گوتی: "بەڕاستی شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ نزیککردنەوەی کۆتایی ئەم جەنگە دڕندانەیەی رووسیا دژی ئۆکراینا و بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو بەڵگەنامە و هەنگاوەکان راستەقینە، کاریگەر و جێگەی متمانەن."
هەروەها لە گفتوگۆکەدا رێککەوتن کە رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لەگەڵ دوو نێردراوەکە قسە بکاتەوە.
پۆستەکەی زیلینسکی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رایگەیاند، ئۆکراینا هەندێک "سازشی سنوورداری" لە نوێترین وەشانی رەشنووسی پلانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە.
پلانە 20 خاڵییەکە کە لەلایەن دانوستاندنکارانی ئەمەریکا و ئۆکرایناوە لەسەری رێککەوتوون، ئێستا لەلایەن مۆسکۆوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. بەڵام کرێملین پێشتر ئامادەیی نیشان نەداوە دەستبەرداری داواکارییەکانی بێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
زیلینسکی رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە هەندێک خاڵ لە بەڵگەنامەکەدا هەن کە بەدڵی نین، بەڵام گوتی، کیێڤ سەرکەوتوو بووە لە لابردنی مەرجی کشانەوەی ئۆکراینا لە هەرێمی دۆنێتسک، یان داننان بەو خاکەی لەلایەن سوپای مۆسکۆوە دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ