تاڵیبان بۆ ئەمریکا: باگرامتان نادەینەوە

21-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حکومەتی ئەفغانستان دووپاتی دەکاتەوە، تاڵیبان بنکەی ئاسمانیی باگرام رادەستی ئەمریکا ناکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە 20ی ئەیلوول هەڕەشەی لە ئەفغانستان کرد بەوەی بنکە ئاسمانییەکەیان رادەست بکاتەوە، ئەگەرنا "شتی خراپ روودەدات."
 
بەڵام فەسیحودین فیترەت، فەرماندەی سوپای ئەفغانستان رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەو جۆرە بۆ گەڕاندنەوەی باگرام بۆ ژێر دەستی ئەمریکییەکان، "ئەستەمە."
 
فەرماندەکە دەڵێت، "بەم دواییانە هەندێک کەس گوتوویانە لەگەڵ ئەفغانستان دەستیان بە دانوستاندن کردووە بۆ ئەوەی بنکەی ئاسمانیی باگرام بگرنەوە دەست."
 
فیترەت بە پێداگرییەوە دەڵێت، "رێککەوتن لەسەر تەنانەت یەک بستی خاکی ئەفغانستان ناکرێت و ئەستەمە. پێویستیشمان پێی نییە."
 
دوای ئەوەش، حکومەتی ئەفغانستان هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئەفغانستان لەو پەڕی گرنگیدان."
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئەگەر ئەفغانستان بنکەی ئاسمانیی باگرام نەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو لایەنەی کە دروستیکردووە، واتە ئەمریکا، ئەوا شتی خراپ روودەدات."
 
پێچەوانەی قسەی ترەمپ، بنکەی باگرام لە بنەڕەتدا لە لایەن ئەمریکاوە دروست نەکراوە، بەڵکو لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە دروست کرا کاتێک مۆسکۆ هاوپەیمانی ئەفغانستان بوو. بەڵام کاتێک ئەمریکا ئەفغانستانی داگیرکرد، لە نێوان ساڵانی 2001 و 2021، بنکەکەی نۆژەن کردەوە و فراوان کرد.
 
هەڕەشە ناڕوونەکەی ترەمپ چەند رۆژێک دوای ئەوە هات  کە لە کاتی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بەریتانیا، باسی لە وەرگرتنەوەی بنکەکە کرد.
 
باگرام، گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ئەفغانستان، پایەیەکی سەرەکی بوو لەو شەڕەی کە واشنتن دوای هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001 دژی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیپێکرد.
 
رێکخراوەکانی وەک لێبووردنی نێودەوڵەتی و هیومان رایتس وۆچ دەڵێن، ئەمریکا لەو بنکەیەدا پێشێلکاریی سیستماتیکی لە دژی مافەکانی مرۆڤ کردووە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستبەسەر دەکران.
 
ترەمپ هەمیشە نیگەرانیی خۆی لەبارەی لەدەستدانی باگرامەوە دەربڕیوە،  بەهۆی ئەوەی کە پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە و نزیکە لە چین، بەڵام رۆژی پێنجشەممە یەکەمجار بوو رابگەیێنێت کە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
 
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا گوتی، "هەوڵدەدەین وەریبگرینەوە، رەنگە ئەمە هەواڵێکی بەپەلەش بێت، هەوڵدەدەین وەریبگرینەوە چونکە ئەوان (ئەفغانستان) پێویستیان بەوەیە ئێمە هەندێ شتیان پێ بدەین."
 
هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە تەممووزی 2021 بە شپرزەیی لە باگرام کشانەوە، دواتر تاڵیبان دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی ئەفغانستاندا گرت و پاشان کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی کرد.
 
ترەمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، رەخنە لە وازهێنان لە بنکەکە دەگرێت و جۆ بایدن، سەرۆکی پێش خۆی، بە بەرپرسیار دەزانێت لە شێوازی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
 
دواتر لە رۆژی شەممەدا، رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد کە ئایا بیری لە ناردنی هێز بۆ وەرگرتنەوەی باگرام کردووەتەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "قسە لەسەر ئەوە ناکەین، بەڵام ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەفغانستان، دەمانەوێت بە زووترین کات بگەڕێتەوە، دەستبەجێ. ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا دەبینن چی دەکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا