رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی دیجیتاڵی کازان لە شاری کازانی رووسیا بەڕێوەدەچێت. سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە بە رووداویان راگەیاند، 160 کۆمپانیای بواری تەکنەلۆژیا لە 29 وڵاتەوە داوایان پێشکەشکردبوو، 20یان لە 17 وڵاتەوە هەڵبژێردران.
ئێکسچەینج پڕۆگرامس، تاکە کۆمپانیای کوردییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداری کردووە.
باوەڕ محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای ئێکسچەینج پڕۆگرام دەڵێت: "کازان دیجیتاڵ ویک هەفتەیەکی دیجیتاڵییە کە ساڵانە لە شاری کازان بەرێوەدەچێت و تێیدا سەرجەم کۆمپانیا دیجیتاڵییەکانی تەواوی هەرێمەکانی رووسیا و سەرانسەری جیهانەوە بەشدار دەبن. بێگومان بەشداریکردن لەو جۆرە ئیڤێنتانە بۆ کۆمپانیا و بزنسە بچووکەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانان لە ژمارەیەک وڵاتی جیهانەوە دروست بکەن. ئەمەش زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و بازرگانییەکان".
چالاکییەکە رۆژی 14ی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆمپانیا بەشداربووەکان راهێنانیان پێدەکرێت و پڕۆژەیان بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی تەتەرستان لێوەردەگیرێت.
باشترینەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکەوە خەڵات دەکرێن.
نایف شەمەری، بی سپۆرتی -قەتەر دەڵێت: "بەشداری دەکەم بە نوێنەرایەتی "بی سپۆرتی" لە پێشانگای جیهانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە هەفتەی دیجیتاڵی کازان. زۆر گرنگە بەشداری ئەم جۆرە چالاکیانە بکەیت، چونکە ئەوان پاڵپشتی لە کۆمپانیا نوێیەکان دەکەن و دەیانبەنە جیهانی بازرگانییەوە. زۆر سوپاس کازان، زۆر سوپاس تەتەرستان. حەز دەکەم بەمزووانە سەردانی کوردستان بکەم و ئێمەی قەتەری ئێوەمان خۆش دەوێت."
ئەمە یەکەم ساڵی چالاکییەکەیە. حکومەتی تەتەرستان دەیەوێت فراوانی بکات و ساڵی داهاتوو کۆمپانیاکانی زیاتر لە 50 وڵات بتوانن بەشداری تێدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ