رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی "بەزاندنی" سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەی لە رێگەی سێ فڕۆکەی رووسییەوە سازدەکات.
ئیستۆنیا دەڵێ، رۆژی هەینی، سێ فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری میگ-31 سنووری ئاسمانیی ئیستۆنیایان لە ئاسمانی کەنداوی فینلاند "پێشێل کرد"، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ وەک "دنەدانی نوێ و مەترسیدار" سەیری بکەن، بەڵام مۆسکۆ رەتیکردەوە فڕۆکەکانی چووبنە سنووری ئاسمانیی ئیستۆنیا.
فڕۆکەی جەنگییەکانی ئێف-35ـی ئیتاڵی کە بەشێکن لە ئەرکی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە وڵاتانی باڵتیک، لەگەڵ فڕۆکەی سوێدی و فینلاندی، بۆ رێگریکردن لە "فڕۆکە رووسییەکان" و ئاگادارکردنەوەیان، بەپەلە فڕین.
وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رۆژی 22ـی ئەیلوول ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سازدەکات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییە زەقەکەی رووسیا لە سنووری ئاسمانی ئیستۆنیا لە هەینیی رابردوودا."
ئەمە یەکەمجارە لە 34 ساڵی ئەندامێتیی ئیستۆنیادا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فەرمی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات.
مارگوس تساکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا رایگەیاند، پێشێلکارییەکە "بەشێکە لە رەوتێکی فراوانتری زیادبوونی گرژییەکان لەلایەن رووسیاوە، چ لەسەر ئاستی هەرێمی و چ لەسەر ئاستی جیهانی" کە دوای "پێشێلکردنی" ئاسمانیی پۆڵەندا و رۆمانیا دێ.
تساکنا گوتیشی: "ئەم رەفتارە پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ