خۆپێشاندانی دژە گەندەڵی بەرۆکی حکومەتی فیلیپینیشی گرت

21-09-2025
سیروان عەباس
خۆپێشاندانی فلیپینییەکان لە شاتی میترۆ مێلینا. وێنە: AFP
خۆپێشاندانی فلیپینییەکان لە شاتی میترۆ مێلینا. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندانی جەماوەریی فراوان لە مانێلا و چەند شارێکی دیکەی فیلیپین سەری هەڵدا. خۆپێشاندانەکان تووندوتیژییان لێکەوتەوە و ئاگرکرانەوە و لەسەر شەقامەکان تایەی ئۆتۆمبێل سووتێنران. پۆلیسی ئەو وڵاتە 17 کەسی دەستگیرکردووە کە دەڵێت: "جلی رەشیان لەبەر بووە و ماسکیان بەستووە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی مانێلا رایگەیاند، خۆپێشاندەرەکان تایەیان سووتاندووە و بەردیان گرتووەتە پۆلیس، ئەوانیش پارێزگارییان لە خەڵک کردووە و هەوڵیان داوە رێگەکان دانەخرێن.
خۆپێشاندانەکە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازەوە سەریان هەڵدا، بەڵام ماوەی درێژ نەبوو و زوو بڵاوەیان لێکرد. هەر زوو کۆشکی سەرۆکایەتیی فیلیپین قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند و هێزە ئەمنییەکانی لەسەر رێگە سەرەکییەکان بڵاوەپێکرد.
 
پۆلیس: تووندوتیژی و وێرانکاری قبووڵ ناکرێت
 
سەرەتا نزیکەی 18 هەزار خۆپێشاندەر لە پارکێکی نزیک مانێلای پایتەخت گردبوونەوە، ژمارەیەکی دیکەش لە پەرستگەیەک، بەڵام دواتر تووندوتیژیی لێکەوتەوە و پۆلیس ژمارەیەک خۆپێشاندەری دەستگیرکرد.
 
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا دوای دەستگیرکردنەکان رایگەیاند، دۆخەکە "کۆنتڕۆڵ کراوە" بەڵام هۆشداری دا کە "تووندوتیژی و وێرانکاری قبووڵ ناکرێت".
 
پۆلیس گوتی: "رێز لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەی خەڵک دەگرین، بەڵام داوا لە هەمووان دەکەین هێمن بن و دوور بکەونەوە لە تووندوتیژی."
 
هەندێک لەو خۆپێشاندەرانەی دەستبەسەر کرابوون، خۆیان لە دەستی پۆلیس رزگارکرد و هەڵاتن، دواتر خۆپێشاندانەکە سەری کێشا بۆ نووسینی درووشمی تووند لەسەر دیوار و ستوونەکان و گوتنەوەی درووشمی دژە گەندەڵی. پەرچەکرداری پۆلیسیش رشاندنی گازی فرمێسکڕێژ و تەقاندنی گولـلەی پلاستیکی بوو.
 
خۆپێشاندان دژی گەندەڵی
 
خۆپێشاندەران تووڕەیی خۆیان دژی گەندەڵی دەربڕی کە ئابڕووچوونێکە پەرلەمانتار، بەرپرس و بازرگانانی گرتووەتەوە. گوایە "بڕێکی زۆر پارەیان لە پڕۆژەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لافاو لە ناوچە هەژارنشین و لافاولێدراوەکان بردووە".
 
ئەلسی ترینیاد، چالاکڤان و خوێندکار، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوت: "هەست بە خراپی دەکەم کە ئێمە لە هەژاریدا دەژین و ماڵ و ژیان و داهاتوومان لەدەست دەدەین، لە کاتێکدا ئەوان سامانێکی گەورە کۆدەکەنەوە و بۆ ئۆتۆمبێلی گرانبەها، گەشتی دەرەوە و مامەڵە گەورەکانی کۆمپانیاکانیان خەرج دەکرێت."
 
ترینیاد لە شاری بولاکان دەژی، پارێزگایەکی لافاولێدراوە لە باکووری مانێلا کە بەرپرسان رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە زۆربەی پڕۆژەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لافاو دەکرێت بەهۆی خراپی یان نەبوون.
سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەییەوە.
 
کاردیناڵ پابلۆ ڤیرجیلیۆ دەیڤید، سەرۆکی کۆنفرانسی قەشەکانی کاتۆلیکی فلیپین، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "مەبەستمان ناسەقامگیرکردن نییە، بەڵکو بەهێزکردنی دیموکراسییە." داوای لە خەڵک کرد کە بە ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن و داوای لێپرسینەوە بکەن.
 
فێردیناند مارکۆس جونیۆر، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، خەڵکی وڵاتەکە مافی خۆیانە خۆپێشاندان بکەن، بەڵام دەبێت بە شێوازێکی ئاشتییانە بێت. بۆ ئەو مەبەستەش سوپای وڵات خراوەتە حاڵەتی ئامادەییەوە.
 
"بەناوی چارەسەری لافاو ملیۆنان دۆلار بردراوە"
 
دوای ئەوەی لافاو وڵاتەکەی گرتەوە، سەرۆکی فیلیپین لیژنەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوە و چارەسەری کێشەکان دامەزراند و 545 ملیار پێسۆ (9.5 ملیار دۆلار)ی بۆ خەرج کرا. 
 
بەڵام خۆپێشاندەرانی فلیپین دەڵێن، پرۆژەکە ساوێر (وەهم)ـە کە ملیاران دۆلاری لە رێگەی باجەوە بۆ کۆکراوەتەوە. ئەوان داوای گەڕانەوەی پارەکە و سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە لەم پرۆژەیەدا کاریان کردووە. 
 
ئەم پرۆژەیە لە پاش ئەو لافاوە راگەیێندرا کە وڵاتەکەی گرتەوە، خۆپیشاندەران پێیانوایە پرۆژەکە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی پارەیە. تاوەکو ئێستاش بە سەدان هەژماری بانکی کە پەیوەندییان بەم پرۆژەیەوە هەیە راگیراون.
 
خۆپیشاندانی نیپاڵ و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت
 
رۆژی 9ی ئەیلوولی 2025، خۆپێشاندانێکی فراوان لە نیپاڵ سەری هەڵدا کە سەرۆک و وەزیرانی حکومەتی ناچار بە دەستلەکاركێشانەوە کرد.
 
خۆپێشاندەران ناویان لە خۆیان نابوو "جێن زێد" دژی گەندەڵیی وڵاتەکە هەستانەوە و چەند وەزیرێکیشیان، لەوانە وەزیری دارایی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد. لە خۆپێشاندانەکاندا، 51 کەس کوژران و 1300ـیش برینداربوون.
 
ئەوەی ئاگری خۆپێشاندانەکانی هەڵگیرساند، قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەلایەن حکومەتەوە. رۆژی 11-09-2025 ئۆلی دەستی لەکار کێشایەوە و خۆپێشاندەرانیش شەقامەکانیان چۆڵکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت