ملیاردێرەکان خۆیان بۆ شتێک ئامادە دەکەن؛ بۆچی پەناگەی رۆژی دوایی دروست دەکەن؟

21-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ملیاردێرە گەورەکانی بواری تەکنەلۆجیا، وەک مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک و سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری OpenAI، بە بێدەنگی خەریکی دروستکردن یان کڕینی پەناگەی گەورەی ژێر زەوین و پلانی خۆپاراستن بۆ ئەگەری "کۆتاییهاتنی جیهان" دادەنێن. 
 
ئەمەش وای لە خەڵک کردووە بپرسن: ئایا ئەوان شتێک دەزانن کە ئێمە نایزانین؟ ئایا بەهۆی ژیریی دەستکرد، گۆڕانی کەشوهەوا، یان جەنگەوە کارەساتێک بەڕێوەیە؟ 
 
پەناگەی رۆژی دوایی: دڵنیاییە یان زیادەڕۆییە لە ترس؟
 
بەشێک لە شارەزایانی بواری ژیریی دەستکرد، نیگەرانن لەوەی رۆژێک لە رۆژان، تەکنەلۆجیاکە هێندە زیرەک بێت، لە دەستی مرۆڤ دەربچێت و هەرچی رۆبۆت و چەک و ئامێرە لە مرۆڤایەتیی هەڵبگەڕێنەوە و بیخەنە ژێر دەستی خۆی. بەو ئاستەی ژیریی دەستکرد دەگوترێت "ژیریی دەستکردی باڵا" یان ژیریی دەستکردی گشتی کە بە ئینگلیزی بە (AGI) کورت دەکرێتەوە.
 
پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەنگۆیانەی لە بارەی نزیکبوونەوەی دروستبوونی AGI بڵاودەکرێنەوە، زیاتر بانگەشەن و لە راستییەوە دوورن. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە ملیاردێرەکانی رانەگرتووە. بۆ نموونە، زوکەربێرگ خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گەورەیە لە هاوایی، کە دەگوترێت پەناگەیەکی گەورەی ژێرزەویشی تێدایە، هەرچەندە خۆی رەتیدەکاتەوە "پەناگەی رۆژی دوایی" بێت.
 
رید هۆفمان، دامەزرێنەری  LinkedIn بە ئاشکرا دانی پێدا دەنێت کە وەک "دڵنیاییەک بۆ رۆژی دوایی" ژمارەیەک موڵکی کڕیوە، بەتایبەتی لە نیوزیلاند.
 
هەندێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد، بە خۆیان لە هاتنی AGI دەترسن. ئیلیا سوتسکێڤەر، هاودامەزرێنەری OpenAI، گوتبووی: "ئێمە بە دڵنیاییەوە پێش ئەوەی AGI بڵاوبکەینەوە، پەناگەیەک دروست دەکەین."
 
ئەم ترسە تێکەڵ بووە لەگەڵ نیگەرانییەکانی دیکەی وەک جەنگی ئەتۆمی، پەتای جیهانی، داڕمانی کەشوهەوا و نائارامیی کۆمەڵایەتی.
 
دەوڵەمەندەکان پێیانوایە، پەناگەکانیان لە هەموو ئەو سیناریۆیانە دەیان پارێزن. 
 
ئایا بەڕاستی AGI نزیکە؟ زۆربەی زانایان دەڵێن نەخێر.
 
پرۆفیسۆر وێندی هۆڵ دەڵێت: "هێشتا چەندین داهێنانی گەورەمان ماوە بۆ گەیشتن بە هەر شتێک کە نزیک بێت لە ژیریی مرۆڤ. ژیریی دەستکردی ئەمڕۆ زۆر سەرسوڕهێنەرە، بەڵام هیچ نزیک نییە لە ژیریی مرۆڤ."
 
بە گوتەی ئەو زانایە، ژیریی دەستکردی ئەمڕۆ تەنیا شیکاریی داتاکان دەکات و لاسایی شێوازی بیرکردنەوەمان دەکاتەوە، بەڵام تێناگات و درک بەو شتانە ناکات کە مرۆڤ تەکنەلۆجیاکەی لەسەر بەرنامەڕێژ نەکردووە. بە واتەیەکی دیکە، هۆشی نییە، تەنیا وشە و رەفتارەکان پێشبینی دەکات.
 
کێشە راستەقینەکە لە کوێدایە؟
 
هەندێک زانا هۆشداری دەدەن کە قسەکردن لەسەر "ژیریی دەستکردی زۆر زیرەک" سەرنجمان لەسەر کێشە راستەقینە و گرنگەکانی تەکنەلۆجیاکە لادەدات، وەک: 
 
- لایەنگیری لە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرددا.
- بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشە و ساختە.
- لەدەستدانی هەلی کار.
- قۆرخبوونی دەسەڵات لە دەستی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکان.
 
پرۆفیسۆر نیڵ لۆرێنس، مامۆستای زانکۆی کەیمبریج دەڵێت، قسەکردن لەسەر AGI وەک ئەوە وایە خەیاڵی دروستکردنی "ئۆتۆمبێلی گشتیی دەستکرد" بکەیت — ئۆتۆمبێلێک کە بتوانێت لە یەک کاتدا بفڕێت، مەلە بکات و لەسەر زەوی بڕوات، کە دیارە رێی تێناچێت.
 
ئەم راپۆرتە لە پێگەی Interesting Engineeringی وەرگیراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا