پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووداو: ئەم ساڵ هیچ عێراقییەک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دەستگیرنەکراوە

21-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پۆلیس بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا دەڵێ، ئەم ساڵ 33 هەزار و 740 تاوانی جۆراوجۆر لە وڵاتەکەی کراون کە ئەوەش 4.67٪ لە هەمان ماوەی پار زیاترە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ تۆمەتبارێکی عێراقی لە وڵاتەکەی نییە. 
 
دراگۆ مەنەگالیا، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 33 هەزار و 740 تاوان لە وڵاتەکەی کراون، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار 32 هەزار و 234 تاوان کرابوون.
 
مەنەگالیا گوتی، ئەم ساڵ لە ئەنجامی ئەو تاوانانە 26 کەس کوژراون یان برینداربوون، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی پار 24 کەس تووشی ئەو چارەنووسانە بوون. 
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ لێکۆڵینەوەیان لە 21 هەزار و 181 تۆمەتبار کردووە، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار لێکۆڵینەوەیان لە 19 هەزار و 949 تۆمەتبار کردبوو.
 
مەنەگالیا رایگەیاند، دوو هەزار و 816 کەس لە تۆمەتبارەکانی ئەم ساڵ پەناخوازی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بوون، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار 2 هەزار و 832یان خەڵک ئەو وڵاتانە بوون. 
 
دراگۆ مەنەگالیا بۆ رووداو باسی لەوە کرد، 701 هاووڵاتیی عێراقی لە وڵاتەکەی هەن. ئێستا هیچ تۆمەتبارێکی عێراقی ئەو وڵاتە لە سلۆڤینیا نییە، بەڵام پار پێنج تۆمەتبار هەبوون و دۆسییەکانیان پار یەکلاییکرایەوە. 
 
سلۆڤینیا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە. وڵاتەکە هاوسنوورە لەگەڵ کرواتیا، هەنگاریا، نەمسا و ئیتاڵیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە