رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەست بە رووخاندنی بەشێکی کۆشکی سپی کراوە، بۆ ئەوەی هۆڵێکی نوێی بۆنە و ئاهەنگەکان دروست بکات.
لە رۆژی دووشەممەوە کرێکاران دەستیانکردووە بە رووخاندنی بەشێک لە باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکەکە.
ترەمپ، سەرمایەدارە گەورەکەی پێشووی بواری خانووبەرە رایگەیاند، بە فەرمی کارکردن بۆ دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگەکان بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار دەستیپێکردووە.
باڵەخانەی باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی بە ئامێری بڕینی کۆنکرێت و ئاسن، رووخێنراوە.
رۆژی دووشەممە، ترەمپی کۆماری لەکاتی میوانداریکردنی یاریزانانی بەیسبۆڵی کۆلێژەکان لە کۆشکی سپی گوتی: "لە لایەکەی دیکەوە کارێکی زۆری بیناسازی هەیە کە رەنگە هەندێکجار گوێتان لێی بێت."
دواتر ملیاردێرە 79 ساڵەکە بە فەرمی رایگەیاند، کارکردن بۆ دروستکردنی هۆڵەکە دەستیپێکردووە، کە دەبێتە گەورەترین بەش لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵی رابردوودا بۆ کۆشکی سپی زیادکرابێت.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم بەردی بناخەی دروستکردنی هۆڵی نوێ و گەورە و جوانی کۆشکی سپی دانرا."
ترەمپ گوتی، باڵی رۆژهەڵات وەک بەشێک لەم پرۆسەیە "بە تەواوی نوێ دەکرێتەوە و کاتێک تەواو بوو لە هەموو کاتێک جوانتر دەبێت!"
باڵی رۆژهەڵات ئەو شوێنەیە کە وەک نەریتێک، پێشتر نووسینگەی خانمانی یەکەمی ئەمریکای لێبووە. سەرۆک لە باڵی رۆژئاوا کاردەکات و هاوژینەکانیش لە باڵی رۆژهەڵات دەژین.
"نیشتمانپەروەرە بەخشندەکان"
هەرچەندە ترەمپ گوتی باڵی رۆژهەڵات "تەواو جیایە لە کۆشکی سپی،" راستییەکەی ئەوەیە کە لە رێگەی کۆریدۆرێکەوە بە کۆشکی سەرەکییەوە بەستراوەتەوە. کۆریدۆرەکە بە بانێک داپۆشراوە کە لە سەر ریزێک ستوون دانراوە.
ترەمپ دەڵێت، هۆڵە نوێیەکە کە رووبەرەکەی 8 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و شوێنی هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، پێویستە بۆ میوانداریکردنی خوانە گەورەکانی حکومەت و بۆنەکانی دیکە، کە لەم کاتەدا دەبێت لە ژێر چادردا بکرێن.
ئەستێرەی پێشووی بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان (ترەمپ)، هەفتەی رابردوو خوانێکی گەورەی لە کۆشکی سپی بۆ بەخشەرانی پڕۆژەکە رێکخست. میوانەکان نوێنەرانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای وەک ئەمازۆن، ئەپڵ، مێتا، گووگڵ، مایکرۆسۆفت و پالانتیر و کۆمپانیا زەبەلاحەکەی بواری بەرگریی لۆکهید مارتنیان لەخۆگرتبوو.
ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی: "هۆڵی کۆشکی سپی بە شێوەیەکی تایبەت لەلایەن چەندین نیشتمانپەروەری بەخشندە، کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا و خودی خۆمەوە پارەدار دەکرێت. ئەم هۆڵە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە خۆشییەوە بەکاردەهێنرێت!"
ئەمە گەورەترین بەشی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەیە کە ترەمپ لە کۆشکی سپیدا کردوویەتی لەوەتەی لە مانگی کانوونی دووەمدا گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، لەوانەش داپۆشینی نووسینگەی هێلکەیی بە دیکۆری زێڕین و قیرتاوکردنی باخچەیەکی کۆشکی سپی.
ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، دەیەوێت کەوانەیەکی گەورەی هاوشێوەی کەوانەی سەرکەوتنی پاریس لە واشنتن دروست بکات، کە بە "کەوانەی ترەمپ" ناو دەبرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ