رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، گیانلەدەستدانی یەکێک لە کۆچبەرە کوردەکانی لیبیای راگەیاند و دەڵێت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە وڵاتی لیبیا لە رۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەخت، "ئێمەیان لە گیانلەدەستدانی کۆچبەرێک بەناوی (هۆگر ئاسۆ خدر) ئاگادار کردەوە، کە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەنێو سەنتەری دەستبەسەرکردندا گیانی لەدەستداوە."
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس دەڵێت، "پێشتر باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەرابلوس رێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردبوو، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو لیبیاوە."
دەشڵێت باڵیۆزخانەکە کاری لەسەر دابینکردنی بلیتی فڕۆکە کردووە، بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد سەحاف ئاماژە بەوە دەکات، چەند ژمارەیەک تەرخان کراون، "بۆ ئەوەی کەسوکاری کۆچبەرەکان بتوانن لە سەلامەتیی رۆڵەکانیان دڵنیاببنەوە."
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس داوا لە هاونیشتمانیان و خێزانەکان دەکات، "رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن رێگەی کۆچی نایاسایی بگرنەبەر، چونکە رووبەڕووی مەترسیی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ