رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیتاڵیا دەڵێت، لە رووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەراندا لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا کە 53 کۆچبەری لەسەربوو، منداڵێکی دوو ساڵە گیانی لەدەستدا و 8 کەسیش بێسەروشوێنن.
رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، میدیای ئیتاڵیا رایگەیاند، "لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران، منداڵێکی دوو ساڵە خنکا و هەشت کەسی دیکەش بێسەروشوێنن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "دوێنێ نزیکەی کاژێر 2:00 ی دوای نیوەڕۆ، بەلەمێکی کۆچبەران لە شاری سەفاقسی تونس بەڕێکەوتووە و لەکەناراوەکانی دوورگەی لامپێدووسا لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتووە. جیا لەو هەشت کەسە، 45 کەسی دیکە لەسەر بەلەمەکە بوون. "
دوای ژێرئاوکەوتنەکە، کۆچبەرەکان بەرەو کەناراوەکە مەلەیان کردووە. هێزە ئەمنیەکانی ئیتاڵیا 43 کەسیان رزگارکردووە و چەند ماسیگرێکیش دوو کۆچبەری دیکەیان رزگارکردووە. منداڵێکی دوو ساڵانیش لەدوای رزگاکردنی گیانی لەدەستداوە و 8 کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن کە منداڵیشیان تێدایە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەسەر رەچەڵەک و وڵاتی ئەو کۆچبەرانە نییە.
ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەری زۆر رووی تێدەکەن، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، نامەیەکی جۆجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە کە بۆ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیای ناردووە، دەڵێت: "بە سەرسووڕمانەوە زانیم کە حکومەتەکەتان، بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا، بڕیاری داوە یارمەتی دارایی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان دابین بکات بۆ ئەوەی پێشوازی لە کۆچبەران بکەن بۆ خاکی ئیتاڵیا و لە دەریای نێوەڕاست رزگاریان بکەن."
حکومەتەکەی مێلۆنی بڕیاریدابوو چالاکیی ئەو رێکخراوە خێرخوازییانە کەمبکاتەوە کە لە دەریای نێوەڕاستەوە بەلەمی کۆچبەران رزگار دەکەن و دەیانگەیێننە ئیتاڵیا.
مێلۆنی لە نامەکەیدا دەڵێت، ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی دەیانەوێت یارمەتی ئیتاڵیا بدەن، باشترە سەرنجیان لەسەر "چارەسەرە پێکهاتەییەکان" بێت کە بریتییە لە کارکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەران پێیدا تێدەپەڕن بۆ ئەوەی رێگە لە لێشاوی کۆچبەران بگرن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 130 هەزار کۆچبەر بە بەلەم چوونەتە ئیتاڵیا، ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2022ـدا ژمارەکە تەنیا 66 هەزار کۆچبەر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ