رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دەیانەوێت پرسی ئەتۆمی ئێران بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەربکرێت، بەڵام پێش ئەوە پێویستە گەرەنتی بە ئێران بدرێت، جارێکی دیکە هێرشی ناکرێتەوە سەر.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، "رووسیا پابەندییەکی زۆری بە رێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەیە. چەند جارێک هۆشداریمانداوە دەستدرێژی سەربازی مەترسیدارە و هەڕەشە لەسەر ئەمنی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستدەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و گوتی: "بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان قبووڵنەکراون بەتایبەت ئەوانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان. کارەکانی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی وەکو ئەوان بیردەکەنەوە کەوا رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم (پایتەختی ئیسرائیل) مافی هێرشی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە بۆ بەرگری لەخۆکردن، ئەوان بەو جۆرە وێنای دەکەن. بەم کارەیان رێککەوتنی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیان پێشێلکرد، کە ئێران رێزی زۆری لێگرتووە."
حوزەیرانی ئەم ساڵ جەنگێکی 12 رۆژی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبوو. لە کاتی جەنگەکەدا ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، ئەمە بۆ خاپوورکردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران. پێش جەنگەکە، ئێران ژمارەیەک دانوستادنی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوادا هەبوو، بەڵام بەهۆی جەنگەکەوە دانوستاندنەکانی راگرت.
گوتەبێژەکە گوتی، "بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت و پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێبکات، پێویستە ئێران گەرەنتی تەواوەتی هەبێت، کە ژێرخانی بنکە ئەتۆمییەکانیان جارێکی دیکە نابنەوە ئامانجی هێرشەکان. هیچ شتێکی ناسرووشتی لەم داوایە و داواکانی دیکەیاندا نییە. پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا واز لە زمانی سزادان و تێکدان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ زمانی دیپلۆماسی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ