رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 50 هەزار کورد لە وڵاتەکەیاندا دەژین و پەیوەندییەکی بەهێزیشیان لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی عێراقدا هەیە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداودا، باسی خەڵاتکردنی پرۆفیسۆر رەشاد میران لەلایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و رایگەیاند: "رۆژی 4ی تشرینی دووەم، لە کریملین ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا مەدالیای پووشکینی بەخشی بە رەشید میران، یەکێک لە دیارترین کولتورناسەکان و کۆمەڵناسەکانە لە رووسیا کە خەڵکی کوردستانی عێراقە. ئەو کەسێکی ناسراوە بە هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی کولتور و زمانی رووسیا و رۆڵێکی کاریگەری هەبووە".
ئەم خەڵاتە، کە بەناوی شاعیری گەورەی رووسیا، ئەلێکساندەر پوشکینەوە ناونراوە، لە ساڵی 1999ـەوە پێشکێش بەو کەسایەتیانە دەکرێت کە لە بوارەکانی کولتووری، هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا بەشداریی کاریگەریان لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و بەناوبانگکردنی کولتووری رووسیادا هەبووە.
پرۆفیسۆر رەشاد میران، کە پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسییە و رۆڵێکی بەرچاوی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا هەبووە، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییە "دوورودرێژ و بەهێزەکانی" نێوان کوردستان و رووسیا کرد کە خۆی وەک ئێتنۆگرافەرێک هەمیشە پشتیوان و هاوکار بووە.
د. رەشاد بە ناوی خۆی و هاوکارە کوردەکانییەوە داوای لە سەرۆکی رووسیا کرد کە هاوکاریی زیاتریان بکات بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەکانی فێربوونی زمانی رووسی بۆ ئەوەی "پەیوەندی لەگەڵ زمانی رووسیدا بپارێزن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندی نزیکتر لەنێوان هاووڵاتییانی رووسیا و عێراق لە بوارەکانی دیکەشدا هەبێت".
ماریا زاخارۆفا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پەیوەندی نزیکمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سەرکردەکانی وڵاتەکە بە کوردەکانیشەوە هەیە."
هەروەها باسی لە کوردانی رووسیا کرد و گوتی: "رووسیا وڵاتێکی فرە نەتەوەیە، لەنێوانیاندا نەتەوەی کورد هەیە، کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار کەسە. ژمارەیەکی زۆریان دەناسم کە لە وڵاتەکەماندان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ