رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لەبارەی ئەو پلانەی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا پێشنیازی کردووە، رایگەیاند کە "ناپاکی" لە وڵاتەکەی ناکات. زیلینسکی دانی بەوەدا نا کە رەنگە واشنتن وەک هاوپەیمانێک لەدەستبدات و رایگەیاند، "جێگرەوە" پێشکێشی ترەمپ دەکات.
رۆژی هەینی 21-11-2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکدا رایگەیاند، "ئۆکراینا رووبەڕووی یەکێک لە سەختترین ساتەکانی مێژووی بووەتەوە."
دوێنێ ئەمریکا پلانێکی 28 خاڵی پێشنیاز کرد کە بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیایە. بەگوێرەی پلانەکە، ئۆکراینا دەبێت واز لە بەشێک خاکەکەی بهێنێت، نەچێتە نێو ناتۆ، زوو هەڵبژاردن بکات، سوپاکەی بچووکبکاتەوە و 200 ملیار دۆلاریش بۆ ئاوەدانکردنەوە وەردەگرێ.
لە بەرامبەردا، رووسیا دەگەڕێتەوە نێو ئابووریی جیهانی و دەچێتەوە نێو گرووپی هەشت.
زیلینسکی رایگەیاند، "بەڵگە دەخەمەڕوو، رازییان دەکەم، جێگرەوە پێشنیاز دەکەم." گوتیشی، "ئێمە ئەوکات [ساڵی 2022] ناپاکیمان لە ئۆکراینا نەکرد؛ ئێستاش ئەو کارە ناکەین."
زیلینسکی رایگەیاند: "ئێستا یەکێکە لە سەختترین ساتەکانی مێژوومانە. گوشارەکانی سەر ئۆکراینا لە سەختترینەکاندان. رەنگە ئۆکراینا رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی زۆر قورس ببێتەوە: لەدەستدانی شکۆ یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی"، هاوکات هۆشداریی لە پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن دا.
گوتێرێز: دەبێ رێز لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بگیرێت
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی رایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتی بۆ ئۆکراینا دەبێت "پابەند بێت" بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە پشتیوانی لە "یەکپارچەیی خاکی" وڵاتەکە دەکەن.
گوتێرێز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بۆ ئێمە، چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئۆکراینا کە لەگەڵ ئەم بنەمایانەدا بگونجێ، دەبێ پابەندی بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی بێت کە بە روونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەبێت یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان رێزی لێبگیرێت."
پەیامی روونی ئەورووپا
زیلینسکی رۆژی هەینی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا قسەی کرد و بڕیارە لە "رۆژانی داهاتوودا" راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپیش قسە بکات. زیلینسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەپەلەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیادا کرد.
دوای پەیوەندییەکە، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیان لە "پشتیوانیی نەگۆڕیان بۆ ئۆکراینا لەسەر رێگەی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە" کردەوە.
بەرلین رایگەیاند، "دەبێت هێڵی پێشەوەی جەنگ خاڵی لەپێشینە بێت بۆ هەر لێکتێگەیشتنێک."
کرێملین بۆ زیلینسکی: ئێستا دانوستاندن بکە
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، باشترە زیلینسکی "ئێستا دانوستاندن بکات"، ئەگەرنا خاکی زیاتر لەدەستدەدات.
لە کیێڤیش خەڵک دابەشبوون؛ هەندێکیان پێیانوایە پێویستە ئۆکراینا گفتوگۆ بکات، هەندێکی دیکەش پێیانوایە دەبێت پلانەکە بە تەواوی رەتبکرێتەوە چونکە بانگەوازێکە بۆ خۆبەدەستەوەدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ