رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەو پلانەی ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکراینای پێشکێش کردووە، دەکرێ "ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری کۆتایی." هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر کێیڤ پێشنیازەکە رەت بکاتەوە، ئەوا خاکی زیاتری ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ دەکەن.
لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتدا کە کەناڵەکانی رووسیا پەخشیان کرد، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "پلانی ئەمریکا دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانەی یەکجارەکی، بەڵام ئەم پلانە هێشتا بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و بەرجەستە لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ نەکراوە."
سەرۆکی رووسیا گوتیشی، "ئێمە ئامادەین بۆ دانوستاندنی ئاشتییانە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی ئاشتی، بەڵام بێگومان ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵ لەسەر هەموو وردەکارییەکانی پلانی پێشنیازکراو هەیە و ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین."
پووتین گوتی، پلانەکە لە 28 خاڵ پێکهاتووە و کێیڤ بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆسکۆ و واشنتن "بە شێوەیەکی گشتی" پێشتر تاوتوێیان کردووە و ئەمریکییەکان داوایان لە رووسەکان کردووە "هەندێک سازش بکەن و نەرمی بنوێنین."
پووتین راشیگەیاند، "ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی هێشتا خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن و خەون بەوەوە دەبینن کە رووسیا لە گۆڕەپانی جەنگدا تووشی شکستێکی ستراتیجی بکەن". سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە لە ئەگەری رەتکردنەوەی پلانەکە، مۆسکۆ ئامادەیە ئامانجەکانی "بە چەک و لە چوارچێوەی خەباتی سەربازییدا" بەدی بهێنێت.
سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دا و گوتی، "ئەگەر کێیڤ نەیەوێ تاوتوێی پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ بکات و رەتیان بکاتەوە، دەبێت کێیڤ و بانگەشەکارانی جەنگ لە ئەورووپا تێبگەن، ئەو رووداوانەی لە کوپیانسک روویاندا، بە دڵنیاییەوە لە سێکتەرە سەرەکییەکانی دیکەی بەرەی جەنگ دووبارە دەبنەوە."
رۆژی پێنجشەممە، سوپای رووسیا کۆنترۆڵکردنی شاری کوپیانسکی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند کە تێیدا هێزەکانی ئۆکراینا بەدەست کەمیی ژمارەی سەرباز و چەکەوە دەیانناڵاند.
کیێڤ و پشتیوانە ئەورووپییەکانی دەڵێن، پلانی واشنتن چەندین داواکاریی رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لەخۆدەگرێ، لەوانە سازشکردن لەسەر خاک و کەمکردنەوەی قەبارەی سوپای ئۆکراینا، ئەمە لەپاڵ پێدانی گەرەنتیی ئەمنی بە ئۆکراینا.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی هەینی پلانەکەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ناپاکی" لە وڵاتەکەی ناکات و رایگەیاند، پێشنیازی دیکە پێشکێشی واشنتن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ