رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە واشنتن، بەشێوەیەکی نوکتەئامێز باسی لە دابەزینی نرخی خۆراک لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کرد، کە تێیدا ناچار بوو روونکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی وشەی "Turkey" بدات بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتی تورکیا تێکەڵ نەکرێت.
لە گوتارەکەیدا کە تێیدا باسی لە هەندێک لە دەستکەوتەکانی ئیدارەکەی دەکرد، لەوانەش رێککەوتن لەگەڵ سعودیە بۆ وەبەرهێنان بە بڕی زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلار لە ئەمریکا، ترەمپ، ئاماژەی بە دابەزینی نرخی هەندێک خۆراک کرد.
لە زمانی ئینگلیزیدا، وشەی "Turkey" بۆ ناوی قەل بەکاردێت و بە مانای وڵاتی تورکیاش دێت، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵەتێگەیشتن.
لە کاتی باسکردنی دابەزینی نرخەکان، ترەمپ گوتی، "نرخی قەل (Turkey) بە رێژەی 33% دابەزیوە." بەڵام، سەرۆکی ئەمریکا یەکسەر قسەکانی راگرت و بۆ ئامادەبووانی روونکردەوە کە مەبەستی قەلە نەک وڵاتی تورکیا.
ترەمپ، بە پێکەنینەوە گوتی، "بەرەو مەرگ دەچووین. لە ئاراستەیەکی زۆر خراپدا بووین. بەپێی ئامارەکان، نرخی قەل (Turkey)، بە رێژەی 33% دابەزیوە، باسی وڵاتی تورکیا ناکەم، ئەوان دۆخیان باشە."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا بە شێوازێکی نوکتەئامێز ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی، "نامەوێت ئەردۆغان پەیوەندیم پێوە بکات و بڵێت، بە رێژەی 33% دانەبەزیوم. ئەو هاوڕێمانە. دەبێت ئاگامان لە هاوڕێکانمان بێت، ئێمە هاوڕێی باشمان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ