رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، فاتیمە بۆش، شاجوانی مەکسیک، لە تایلەند تاجی شاجوانی گەردوونی (Miss Grand International) لەسەر نرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە قۆناخەکانی پێش کۆتایی لە کۆبوونەوەیەک کشایەوە کاتێک یەکێک لە رێکخەرانی پێشبڕکێکە بە تووندی سەرزەنشتی کرد.
بەشداربووانی وڵاتانی كۆتدیڤوار، فلیپین، تایلەند و ڤەنزوێلاش گەیشتنە قۆناخی کۆتایی، لەنێو زیاتر لە 120 خانمدا لە سەرانسەری جیهان هەڵبژێردران بۆ رکابەری لەسەر نازناوەکە. ئەم پێشبڕکێیە بە یەکێک لە "چوار گەورەکە"ی پێشبڕکێکانی شاجوانی جیهان دادەنرێت، کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە جیهانی نمایش و جوانییدا.
"چوار گەورەکە" پێشبڕکێ جیهانییەکانی شاجوان ئاماژەیە بە چوار بەناوبانگترین و ناسراوترین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردنی شاجوان. ئەوانیش بریتین لە: شاجوانی گەردوون، شاجوانی جیهان، شاجوانی نێودەوڵەتی و شاجوانی زەوی.
پێش ئەوەی فاتیمە بۆش، شاجوانی مەکسیک، وەکو براوەی کۆتایی رابگەیەنرێت، ئاڵۆزییەکی زۆر باڵی بەسەر پێشبڕکێیەکەدا کێشابوو. ئەم ئاڵۆزییانە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ژیریی بەشداربووان، دەستلەکارکێشانەوەی چەند دادوەرێک و تەنانەت کەوتنی هەندێک لە بەشداربووانی لەسەر ستەیج و لە دەرەوەی ستەیجیشی لەخۆگرتبوو.
یەکێک لە دیارترین رووداوەکان ئەوە بوو کە بۆش، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەیەکی فەرمی کشایەوە دوای ئەوەی لەلایەن ناوات ئیتساراگریسیل، بەڕێوەبەری رێکخراوی شاجوانی گەردوونی تایلەند، بە تووندی و لەبەرچاوی کامێراکان سەرزەنشت کرا.
ناوات، لە پەخشی راستەوخۆی رووداوەکەدا، بە تایبەتی ئاماژەی بە بۆش کرد و رەخنەی لێگرت لەسەر ئەوەی کە گوایە پابەند نەبووە بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو رێکلامانەی کە دەبێت بەشداربووانی شاجوانی گەردوونی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویبکەنەوە.
بۆش، لەو کاتەدا شاجوانی عێراق لە تەنیشتی دانیشتبوو، دوای زیادبوونی گرژییەکە و داواکردنی ناوات لە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستوەردان، ژوورەکەی بەجێهێشت.
لە کاردانەوەیەکدا وا دەرکەوت کەسانی دیکەش لە هۆڵەکەدا وەکو نیشاندانی هاوسۆزی بۆ بۆش هەستنە سەرپێ، بەڵام یەکسەر دانیشتنەوە کاتێک ناوات هۆشداریدا و گوتی: "ئەوانەی هێشتا دەیانەوێت بەشدار بن لە پێشبڕکێکە، با دابنیشن."
دواتر بۆش، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی: "ئەوەی بەڕێوەبەرەکەتان کردی رێزگرتن نەبوو؛ ئەو پێیگوتم گەمژە." هەروەها گوتیشی: "پێویستە جیهان ئەمە ببینێت چونکە ئێمە ژنانی بەهێزین و ئەمە سەکۆیەکە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگمان."
کلاودیا شاینباوم، سەرۆکی مەکسیک، دوای بڵاوبوونەوەی رووداوەکە، ناوی بۆشی هێنا وەکو "نموونەیەک لەوەی کە ئێمە ژنان چۆن دەبێت لە بەرامبەر تووندوتیژیدا دەنگ هەڵبڕین و بێدەنگ نەبین."
شاینباوم، گوتیشی: "من هەمیشە لە بۆنە گشتییەکاندا دەڵێم ژنان جوانتر دەردەکەون کاتێک قسە دەکەن و بەرگری لە خۆیان دەکەن، بۆیە رێزی تەواوی خۆم ئاراستەی ئەم خانمە گەنجە دەکەم."
دواتر ناوات، بە فەرمی و لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە داوای لێبووردنی لە بۆش کرد لەسەر ئەو هەڵسوکەوتەی.
رۆژی هەینی، لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ناوات سەرەتا رەتیکردەوە لێدوان لەسەر بۆش بدات و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "باشترە باسی نەکەم." پاشان بە زمانی تایلەندی گوتی: "باشترە بهێڵین هاندەرانی پێشبڕکێکە خۆیان باسی بکەن. من هەرچۆنێک بێت رێز لە ئەنجامی کۆتایی دەگرم."
دواتر لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، ناوات پیرۆزبایی لە شاجوانی نوێ کرد و پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕی و گوتی: "من پشتگیریی دەکەم و جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هاندەرانی مەکسیک و شاجوانەکەیان دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ