ترەمپ داوای سزای مەرگ بۆ 6 ئەندامی کۆنگرێس دەکات و کۆشکی سپی روونکردنەوە دەدات

21-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هێرشێکی تووندی کردە سەر ژمارەیەک لە ئەندامانی دیموکراتی کۆنگرێس و رایگەیاند، رەنگە ئەو کەسانەی هانی سوپایان داوە فەرمانە نایاساییەکان رەتبکەنەوە، بەهۆی ناپاکییەوە بکوژرێن. ترەمپ لە زنجیرەیەک پۆستدا ئەو یاسادانەرانەی بە "ناپاک" ناوبرد و بە "هەڵسوکەوتی ئاژاوەگێڕی" تۆمەتباری کردن.
 
دیموکراتەکان دەستبەجێ هێرشیان کردە سەر هەڕەشەکانی ترەمپ دژی ئەو 6 ئەندامەی کۆنگرێس، کە رۆژی سێشەممە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەو قسانەیان کردبوو، داوایان لە ئەندامانی سوپا کردبوو پابەندی سوێندە دەستوورییەکەیان بن.
 
ترەمپ، لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵی تایبەت بە خۆی نووسیویەتی، "ئەمە زۆر خراپە و مەترسیدارە بۆ وڵاتەکەمان. نابێت رێگە بدرێت قسەکانیان بەردەوام بێت. هەڵسوکەوتی ئاژاوەگێڕانە لەلایەن ناپاکانەوە!!! بیانخەنە زیندانەوە؟؟؟"
 
دواتر لە پۆستێکی دیکەدا بە پیتی گەورە نووسیویەتی، "هەڵسوکەوتی ئاژاوەگێڕانە، سزاکەی مەرگە!" ترەمپ هەروەها پەیامی یەکێک لە بەکارهێنەرانی تروس سۆشیەڵ دووبارە پۆستکردەوە کە هانی ترەمپ دەدات ئەو کەسانە "لە سێدارە بدات" و رایگەیاندبوو کە جۆرج واشنتن، یەکەم سەرۆکی ئەمریکا، هەمان کاری دەکرد ئەگەر رووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە ببوایەوە.
 
ئەندامەکانی کۆنگرێس، کە هەموویان پێشینەی کارکردنیان لە سوپا یان دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتدا هەیە، لەنێویاندا سیناتۆر مارک کێلی، ئەندامی پێشووی هێزی دەریایی و ئاژانسی ئاسمانیی ناسا و ئەلیسا سلۆتکین، کە وەکو شیکەرەوەیەک لەگەڵ سی ئای ئەی لە عێراق کاری کردووە، لە ڤیدیۆکەیاندا هۆشدارییان دابوو.
 
ئەوان لە ڤیدیۆکەدا رایانگەیاند، "دەتوانن فەرمانە نایاساییەکان رەتبکەنەوە،" و ترەمپیان تۆمەتبار کرد بەوەی "کە پسپۆڕانی سەربازی و هەواڵگرییمان دژی هاووڵاتییانی ئەمریکی بەکاردەهێنێت."
 
هەرچەندە ئەوان ئاماژەیان بەوە نەکرد مەبەستیان کام فەرمانە، بەڵام ترەمپ پێشتر فەرمانی بە گاردی نیشتمانی کردووە بچنە نێو چەندین شاری ئەمریکاوە و دژی زۆربەی بەرپرسە خۆجێیەکان وەستاوەتەوە و بەگوتەی خۆی ئامانجییەتی ئەو نائارامییەی پەرەیسەندووە کۆنتڕۆلی بکات. 
 
لە دەرەوەی وڵاتیش، ترەمپ فەرمانی بە هێرشکردنە سەر زنجیرەیەک کەشتیی گوماناوی بۆ قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر لە دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی ئۆقیانووسی ئارام دەرکردبوو، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 80 کەس و پسپۆڕانی یاسایی دەڵێن ئەم فەرمانانە نایاسایین.
 
دواتر کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆک نایەوێت ئەندامانی کۆنگرێس لەسێدارە بدرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هێرشی کردە سەر یاسادانەرەکان و گوتی، "بۆچی باسی ئەوە ناکەن، کە ئەم ئەندامانەی کۆنگرێس چی دەکەن بۆ هاندان و ورووژاندنی تووندوتیژی؟"
 
پارتی دیموکرات بە تووڕەییەوە کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکانی ترەمپ نیشاندا. پارتەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "دۆناڵد ترەمپ ئێستا بە ئاشکرا داوای کوشتنی بەرپرسانی هەڵبژێردراوی دیموکرات دەکات. ئەمە تەواو قێزەونە."
 
شەش ئەندامەکەی کۆنگرێس لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بەڵێنیان دا بە هەڕەشەکانی ترەمپ سارد نەبنەوە و جەختیان کردەوە کە ئەوان "کەسانی دێرین و پسپۆڕی ئاسایشی نیشتمانین کە ئەم وڵاتەیان خۆشدەوێت" و سوێندیان خواردووە بەرگری لە دەستووری ئەمریکا بکەن. ئەوان گوتیان، "ئەو سوێندە هەتاهەتاییە و ئێمە بەنیازین پارێزگاریی لێبکەین. هیچ هەڕەشە، ترساندن، یان بانگەوازێک بۆ تووندوتیژی، لەو ئەرکە پیرۆزە ساردمان ناکاتەوە."
 
چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد، کە بە ئەنقەست ئاگری تووندوتیژی لەنێو لایەنگرانی خۆیدا خۆش دەکات. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ ئاماژە بە سزای مەرگ و لەسێدارەدان دەکات. لە ساڵی 2023، پێشنیازێکی هاوشێوەی لەبارەی جەنەراڵ مارک میلی، فەرماندەی باڵای پێشووی سوپای ئەمریکا، کردبوو کە دواتر بووە یەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی ترەمپ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.