ئۆکراینا لە پلانەکەی ئەمریکا نیگەرانە؛ "کیێڤ دەستبەرداری خاکەکە دەبێ و مۆسکۆ دەگەڕێتەوە گرووپی 8"

21-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیێڤ لەبەردەم هەڵوێستێکی چارەنووسسازدایە، دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیازێکی خستەڕوو کە ناچاری دەکات کۆمەڵێک سازش بکات. پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمریکا داوا لە ئۆکراینا دەکات واز لە بەشێک لە خاکەکەی بهێنێت، سوپاکەی بچووک بکاتەوە، بەڵێنی نەچوونە نێو ناتۆ بدات و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
 
رۆژی هەینی 21-11-2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییە ئەوروپییەکانی کرد، ئەمە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ پلانێکی 28 خاڵی راگەیاند.
 
مۆسکۆش داوا لە زیلینسکی دەکات دانوستاندن بکات، ئەگەرنا لە بەرەکانی جەنگدا خاکی زیاتر لەدەستدەدات. 
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کاری کاریگەری هێزە چەکدارەکانی رووسیا دەبێت زیلینسکی رازی بکات: باشترە ئێستا دانوستاندن بکات، نەوەک دواتر. بواری ئازادیی بڕیاردان بۆی کەم دەبێتەوە، چونکە خاک لەدەستدەدات."
 
ئۆکراینا وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە، بەڵام سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، پابەندی هیچ شتێک نابێ کە "هێڵە سوورەکان"ـیان ببەزێنێت.
 
پەیامی روونی بەرلین
 
ئەڵمانیا رۆژی هەینی هەڵوێستی روونی لەبارەی پلانەکەوە راگەیاند. ستیڤان کۆرنیلیۆس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند: "سوپای کیێڤ دەبێت توانای بەرگریکردنی لە وڵاتەکەی بمێنێت؛" جەختی لەوەشکردەوە کە "هێڵی بەریەککەوتن، واتە هێڵی پێشەوەی ئێستای جەنگ، دەبێت خاڵی لەپێشینەی دانوستاندنەکان بێت."
 
زیلینسکی رایگەیاندووە، "لە رۆژانی داهاتوودا" لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات و تاوەکو ئێستا روونی نەکردووەتەوە ئایا کیێڤ بە هیچ کام لە خاڵەکانی پلانەکە رازی دەبێت یان نا. چەند سەرچاوەیەک لە کیێڤ و لەندەن رایانگەیاندووە، زیلینسکی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، کییەر ستامەر و فرێدریش مێرتس قسەی کردووە.
 
پلانەکە چی لەخۆدەگرێ؟
 
پلانە 28 خاڵییەکە کە کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند "پلانێکی باشە بۆ رووسیا و ئۆکراینا"، زۆرێک لە داواکارییەکانی کرێملین لەخۆدەگرێ، لەوانەش:
 
خاک: هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەگەڵ کریمیا، وەک "خاکی دیفاکتۆی رووسی" دانیان پێدادەنرێ. هێڵی پێشەوەی جەنگ لە خێرسۆن و زاپۆریژیا سڕدەکرێ. هێزەکانی ئۆکراینا لەو بەشانەی دۆنێتسک دەکشێنەوە کە هێشتا کۆنترۆڵیان کردوون.
 
ناتۆ: ئۆکراینا لە دەستوورەکەیدا دەچەسپێنێت کە نابێتە ئەندامی ناتۆ و ناتۆش بڕیار دەدات لە داهاتوودا ئۆکراینا وەک ئەندام وەرنەگرێ. فڕۆکە جەنگییەکانی ئەورووپا لە پۆڵەندا جێگیردەکرێن.
 
رووسیا: سزاکانی سەر مۆسکۆ هەڵدەگیرێن و رووسیا دەتوانێت بگەڕێتەوە نێو گرووپی G8، کە لە ساڵی 2014ـەوە لێی دەرکراوە.
 
ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە: ئۆکراینا گەرەنتیی ئەمنیی متمانەپێکراو وەردەگرێ و سوپاکەی بۆ 600 هەزار سەرباز کەمدەکرێتەوە. 100 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی رووسیا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا بەکاردەهێنرێ و ئەورووپاش 100 ملیار دۆلاری دیکە زیاد دەکات.
 
سەروەری: وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا دەکەوێتە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە و کارەباکەی بە یەکسانی بەسەر رووسیا و ئۆکراینادا دابەش دەکرێ.
 
دادپەروەری: هەموو لایەنەکان لێبووردنی گشتی وەردەگرن بۆ ئەو کارانەی لەکاتی جەنگدا کردوویانە.
 
سەرپەرشتی: ئەنجوومەنێکی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.