رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ڤەنزوێلا دەڵێ، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئەگەر بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی بچێتە نەرویج، ئەوا وەک "کەسێکی هەڵاتوو" لە یاسا سەیر دەکرێ.
ماچادۆ رایگەیاندبوو کە دەیەوێ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بچێتە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کە دەکەوێتە 10ی کانوونی یەکەمەوە.
تارق ویلیام ساب، داواکاری گشتیی ڤەنزوێلا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "ئەگەر لە دەرەوەی ڤەنزوێلا بێ، لە کاتێکدا چەندین دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لەسەرە، بە کەسێکی هەڵاتوو دادەنرێت."
ساب ئاماژەی بەوەش کرد، ماچادۆ تۆمەتبارە بە "کاری پیلانگێڕی، هاندان بۆ رق و کینە و تیرۆر."
هەروەها رایگەیاند، لەسەر پشتیوانیکردنی لە بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
مانگی رابردوو، لیژنەی نۆبڵ خەڵاتی ئاشتیی ساڵی 2025ی بەخشییە ماریا کۆرینا ماچادۆ، بە گوتەی خۆیان، "بەرامبەر بە کارە بێوچانەکانی بۆ پێشخستنی مافە دیموکراسییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و خەباتی بۆ گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی."
لیژنەکە ماچادۆی بە "کەسایەتییەکی سەرەکی و یەکخەر لەنێو ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسیدا کە پێشتر بە قووڵی دابەش ببوو" و "پاڵەوانێکی بوێر و پابەندی ئاشتی" ناوبرد. ئەمە یەکەم خەڵاتی نۆبڵ بوو بە کەسێکی خەڵکی ڤەنزوێلا بدرێت.
ماچادۆی تەمەن 58 ساڵ، کە لە لایەن نەیارانی حکومەتی ڤەنزوێلا بە "خاتوونی پۆڵایینی" وڵاتەکە ناسراوە، زیاتر لە دوو دەیەیە سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی سیاسیی فراوان دەکات کە رکابەرایەتیی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکەی دەکات. ئەو لە دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2024ەوە لەنێو ڤەنزوێلا خۆی شاردووەتەوە.
زۆرێک لە وڵاتان، لەنێویاندا ئەمریکا، دان بە رەوایەتیی مادورۆدا نانێن. لەبری ئەوە، ئەمریکا دانی بە سیناتۆر ئێدمۆندۆ گۆنزالێز، سیاسەتڤانی ئۆپۆزیسیۆن کە لەلایەن ماچادۆوە پشتیوانی دەکرا، وەک براوەی رەوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2024ـدا ناوە. گۆنزالێز لەو کاتەوە ڤەنزوێلای جێهێشتووە.
ئیدارەی ترەمپ، مادۆرۆی بە کارکردن لەگەڵ گرووپەکانی بەقچاخبردنی مادەی هۆشبەر تۆمەتبار کردووە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو بەلەمانەی واشنتن دەڵێت، مادەی هۆشبەریان تێدایە، هەروەها جووڵەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرەو دەریای کاریبی، گرژییەکانی لەگەڵ ڤەنزوێلا زیاد کردووە.
ماچادۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات و گوشاری سەربازیی زیاتری بە "هەنگاوێکی پێویست" دەزانێ بۆ "گەڕاندنەوەی سەروەریی گەل لە ڤەنزوێلا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ