نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش نزیکەی دوو هەزار چەکداری لە ئەفغانستان هەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، داعشی خوراسان نزیکەی دوو هەزار چەکداری لە ئەفغانستان هەن.
 
تیمی چاودێریی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردووە، سەرکردایەتیی داعشی خوراسان زۆربەیان لە پەشتونە ئەفغانییەکان پێکهاتوون، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکانیان خەڵکی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاستن.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، داعشی خوراسان پەیوەندی لەگەڵ تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) و ئەندامانی ناڕازیی تاڵیبانی ئەفغانستاندا هەیە.
 
تیمە چاودێرەکە دەڵێت، رادەی دزەکردنی داعش بۆ نێو جومگە و پێکهاتەکانی تاڵیبان هێشتا روون نییە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان "بەرفراوانە".
 
راپۆرتەکە دەریخستووە، داعشی خوراسان نزیکەی 600 خۆبەخشی لە ئاسیای نێوەڕاستەوە وەرگرتووە، کە زۆربەیان خەڵکی تاجیکستان و ئۆزبەکستانن. بەشێک لەم کەسانە گەشتیان بۆ ئەفغانستان کردووە، هەندێکیان لە وڵاتانی خۆیان ماونەتەوە و بەشێکیشیان رەوانەی ئەورووپا کراون.
 
لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی ئەو چەکدارە نوێیانە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 18 ساڵە و بەتەمەنترینیان 40 ساڵە. راپۆرتەکە دەڵێت زۆربەیان هیچ پێشینەیەکی "کاری تیرۆریستییان نەبووە" و سەرەتا لەڕێگەی تۆڕە ئایینییەکانی سەر ئینتەرنێتەوە هزری تووندڕۆییان وەرگرتووە.
 
تیمەکە هۆشداریش دەدات لەوەی داعشی خوراسان هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی چەکدار لەنێو کۆمەڵگە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان چڕکردووەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی دروستکردنی "شانەی نووستوو" و بەهێزکردنی تواناکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەفغانستان.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە باکووری ئەفغانستان و ناوچە نزیکەکانی سنووری پاکستان، داعش هزری خۆی بەسەر منداڵانی خوێندنگە ئاینییەکاندا سەپاندووە و بەرنامەی راهێنانی خۆکوژی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 14 ساڵ داناوە.
 
هەرچەندە ژمارەی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2025 لە ئەفغانستان کەمیکردووە، راپۆرتەکە دەڵێت گرووپەکە هێشتا خۆی راگرتووە و توانای خۆگونجاندنی هەیە.
 
تیمەکە روونیشی کردووەتەوە، داعش لە هێرشەکانیدا بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی پێکهاتە شیعەکان، بەرپرسانی تاڵیبان و هاووڵاتییانی بیانی لە ئەفغانستان، لەگەڵ ئەوەشدا نیاز و توانای هێرشکردنە سەر دەرەوەی سنوورەکانیشی هەر ماوە.
 
راپۆرتەکە باسی بوونی گرووپی چەکداریی دیکەش دەکات لە ئەفغانستان، لەوانە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان، بزووتنەوەی رزگاریی بەلووچستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی تورکستانی رۆژهەڵات و رێکخراوە تووندڕۆیەکانی دیکە، بوونی ئەوانیشی بە "هەڕەشەی جیدی" بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان ناو بردووە.
 
تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی تاڵیبان وەڵامی نوێترین راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەبارەی بوونی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە نەداوەتەوە.
 
پێشتر تاڵیبان ئەو جۆرە راپۆرتانەی رەتکردووەتەوە و بەردەوام باسی لەوە کردووە، کە گرووپی داعشی لە وڵاتەکەدا لەنێوبردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە