رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی خۆی بۆ کڕینی تیکتۆک لەلایەن ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و ئەندامی ئیدارەکەی پێشاندا و دەڵێت، کێشەی لەگەڵ ئەو کارەدا نییە.
رۆژی هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025 دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەی لە سەرانسەری ئەمریکا لەسەر بنەمای زیان بۆ ئاسایشی نیشتمانی پەسند کرد، رۆژی 19ی مانگیش بڕیارەکە جێبەجێ کرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کڕینەوەی تیکتۆک لەلایەن ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاند، "رەزامەندم ئەگەر ئەو بیەوێت بیکڕێت."
رۆژی 20ی مانگ، ترەمپ دوای سوێندخواردنی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی تیکتۆکی بۆ 75 رۆژ دواخست. هەمان رۆژ سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەیە کە تیکتۆک 50 - 50 لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی و کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە واژۆ بکرێت.
واشنتن دەڵێت، چین دەتوانێت بۆ مەبەستی "سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" ئەپەکە بەکاربهێنێت.
دوای بڕیارەکەی ترەمپ، تیکتۆک بەردەست بووەوە بۆ هاووڵاتییە ئەمریکییەکان.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی بۆ مۆبایلەکەی دانەبەزاندووە، بەڵام "پێموایە ئێستا دایدەبەزێنم."
رۆژی 16ی مانگ مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کابینەی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئیدارەکەیان رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆئەوەی نەهێڵن تیکتۆک "لەکاربکەوێت."
لە ئەمریکا نزیکەی 170 ملیۆن کەس تیکتۆک بەکاردەهێنن. وۆڵتز گوتی، "تیکتۆک بۆ هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆک ترەمپ ئەپێکی زۆر باش بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرۆک ترەمپ دەیەوێت داتای بەکارهێنەران بپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ