ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیای بۆ خوار 16 ساڵ پەسند کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ مێرمنداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ پەسندکرد؛ بڕیارەکەش گوشارەکان بۆ سەر حکومەتەکەی کیەر ستارمەر تووندتر دەکات تاوەکو هاوشێوەی ئوسترالیا هەنگاو بنێت.
 
رۆژی چوارشەممە، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی لۆردان دا دەنگ لەسەر پێشنیازە هەموارێک درا، کە لەلایەن جۆن ناش، ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆنەوە پێشکێشکرابوو. هەموارەکە بە 261 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 150 دەنگی نەخێر پەسندکرا و ئەندامانی هەردوو پارتی کرێکاران و لیبراڵ دیموکراتەکان پشتیوانییان لێکرد.
 
پەسندکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندبوو کە حکومەتەکەی دەیەوێت پێش دەرکردنی هەر یاسایەک، چاوەڕێی ئەنجامی ئەو راوێژکارییە بکات کە بڕیارە ئەم هاوینە بکرێت، بەڵام جەختیشی کردەوە کە بۆ پاراستنی منداڵان "هیچ بژاردەیەک بەدوور ناگرێت".
 
دوای دەنگدانەکە، جۆن ناش رایگەیاند: "ئەمشەو، ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردان داهاتووی منداڵەکانمانیان خستە پێشینەی کارەکانیان. ئەم دەنگدانە سەرەتای پرۆسەی راگرتنی ئەو زیانە کارەساتبارانەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر نەوەیەکدا دەیهێنن."
 
گوشارەکان لەسەر حکومەتی بەریتانیا روو لە زیادبوونن بۆ ئەوەی چاو لە ئوسترالیا بکات، کە لە 10ـی کانوونی یەکەمی رابردووەوە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خوار 16 ساڵ قەدەخە کردووە. تەنانەت لە نێوخۆی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا، زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوایان لە ستارمەر کردووە پشتگیری لە بڕیارەکە بکات.
 
هاوکات ژمارەیەک کەسایەتی دیار، لەوانە هیو گرانت، ئەکتەری بەنێوبانگی بەریتانی، داوایان لە حکومەت کردووە پشتگیری لەو پێشنیارە بکات، بەو پاساوەی "دایک و باوکان بە تەنیا ناتوانن بەرەنگاری زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببنەوە."
 
بە گوێرەی راپرسییەکی دامەزراوەی "YouGov" کە لە مانگی کانوونی یەکەمدا کراوە، 74٪ـی بەریتانییەکان پشتگیری لە بڕیاری قەدەخەکردنەکە دەکەن. "یاسای سەلامەتی ئۆنلاین" کە ئەم بڕیارەی لە چوارچێوەدا دەردەچێت، داوای سیستەمێکی تووندی دڵنیابوونەوە لە تەمەن دەکات بۆ رێگریکردن لە ناوەڕۆکە زیانبەخشەکان.
 
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدابوو حکومەت ئەو هەموارکردنە قبووڵ ناکات. 
 
بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ببێتە یاسایەکی کارپێکراو، دەبێت ئێستا بچێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران (House of Commons) کە پارتی کرێکاران تێیدا باڵادەستە و دواتریش لەلایەن پاشای بەریتانیاوە پەسندبکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دافۆس، وێنەکە؛ AP

ترەمپ لە داڤۆس: ئێرانمان خاپوور کرد و چیدی کەڵەگا نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس گوتی، رێگەیان گرتووە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ئێران چیدی "کەڵەگای" رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە.